سەردێڕ:

ئیسرائیل بۆ هاوڵاتیانی غەززە: نەخۆشخانەی قودس چۆڵبکەن

PM:04:34:29/10/2023

2404 جار خوێندراوەتەوە

مانگی سوری فەڵەستینی رایگەیاند، ئیسرائیل داوای کردووە بە زووترین کات نەخۆشخانەی قودس لە غەززە چۆڵبکرێت کە ١٢ هەزار ئاوارەی تێدایە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکخراوی مانگی سوری فەڵەستینی لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوەکرد، ئیسرائیل داوایکردووە نەخۆشخانەی قودس لە غەززە چۆڵبکەن و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیکردووە بە بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکە.

باسی لەوەش کردووە، مەحاڵە بتوانن نەخۆشخانەکە چۆڵبکەن بەبێ ئەوەی مەترسی لەسەر گیانی نەخۆشەکان و ئاوارەکان دروست ببێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر نەخۆشخانەی ئەلمعەمدانییە لە غەززە بۆردومانکرا و بەهۆیەوە ٥٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستدا، گروپی حەماس بەرپرسیارێتی بۆردومانەکەی خستە ئەستۆی سوپای ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیلیش بە تەواوی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.

ماوەی ٢٢ رۆژە ناکۆکییە سەربازییەکانی نێوان گروپی چەکداری حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بەهۆیەوە هەشت هەزار فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ هەزاری دیکەش بریندار بوون.













گەلەری