سەردێڕ:

وەزارەتی پلاندانانی عێراق وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی ئاشکرا کرد

PM:05:41:02/06/2023

4812 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی داهاتوودا، ٢٠٢٤دا، سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام دەدەن.


زیا عەواد سەرۆکی دەزگای ژمێریاری ناوەندی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، کارەکانی وەزارەتی پلاندانان بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری و وەزارەتەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٤دا سەرژمێری گشتی ئەنجام بدات.

وتیشی، تا ئێستا هیچ وادەیەکی فەرمی دیارینەکراوە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە، بەڵام بەپێی پلانەکان رەنگە بکەوێتە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو.

ئەوە لە کاتێکدایە، کۆتا سەرژمێری گشتی کە بۆ دانیشتوانی عێراق ئەنجام درا ساڵی ١٩٩٧ بوو و تیایدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق ١٩ ملیۆن کەس بووە و سەرژمێرییەکە بەبێ هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ هەزار و ٨٨٣ کەس.

لە رێکەوتی ٢٠ی ١٠ی ٢٠٢٢ بەبۆنەی رۆژی جیهانی سەرژمێرییەوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق راگەیەندرواێکی بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژەبەوەکراوە، عێراق لە پێشەنگی وڵاتانی عەرەبیدایە لە جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی دانیشتوواندا.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، "هیوادەخوازین بتوانرێت لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ لە هەموو ناوچەکانی عێراق پرۆسەی سەرژمێریکردن ئەنجام بدرێت و سەرژمێرییەکەش لە پارێزگاکانی هەرێمدا بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوە بچێت."













گەلەری