سەردێڕ:

سینان ئۆغان : هیچ نهێنییەک لە نێوان من و ئەردۆغاندا نییە

PM:12:35:26/05/2023

3280 جار خوێندراوەتەوە

سینان ئۆغان رایگەیاند، لە دژی وەستانەوەیە لەگەڵ هەدەپە و هیچ نهێنییەک لە نێوان ئەو ئەردۆغاندا نییە جگەلەوەی کە پاڵپشتی خۆی بۆ دەربڕیوە و دەربارەی حوکمڕانی داهاتووی تورکیا گفتوگۆی لەگەڵ کردووە.


سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بە میدیای تورکی راگەیاند، وەستانەوە لە ریزی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" دژی لۆژیکە، ئەو پارتە رەخنەیان لێدەگرن بۆیە ئەوانیش ناتوانن شان بە شانی پارتێک بوەستن کە "نەژاد پەرستن".

ئاماژەی بەوەشدا، هیچ نهێنییەک لە نێوان ئەو ئەردۆغانی سەرۆک کۆماردا نییە و تەنها ئەوە نەبێت پاڵپشتی خۆیانیان بۆ دەربڕیوە و لەبارەی حوکمڕانی تورکیا لە داهاتوو گفتوگۆیان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار لە هەڵبژاردنی تورکیا سەبارەت بە داهاتووی تورکیا گفتوگۆی کردووە و بە تایبەتی لە بارەی رووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ شەڕڤانانی پەکەکە.

باسی لەوەشکردووە، هێزەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنیان لە دژی شەڕڤانانی پەکەکە لە باکوری سوریا ئەنجامداوە و تاکو ڕادەیەک ئەو ناوچەیە لەلایەن پەکەکەوە چۆڵكراوە و دەتوانن لە ماوەی داهاتوو ئاوارەکانی سوریا لە تورکیا بگەرێننەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ئەمەش لە کاتێكدایە، لە رۆژی رابردوو هەریەکە لە پارتە کوردییەکانی هەدەپە و پارتی چەپی سەوز پشتیوانی خۆیان بۆ کەمال کڵیچدارئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا دەربڕی و وتیان، "ئەردۆغان هەرگیز نابێتە هەڵبژاردەی ئێمە."

هاوکات، لە ماوەی رابردوو چەند تۆمەتێکی ساختەکاری لە ژمارەی دەنگی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاڕاستەی سینان ئۆغان کرا.

لە رۆژی یەکشممەی هەفتەی داهاتوو خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا لە ناوخۆی وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان کڵیچدارئۆغلو ٤٤.٩٢٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ئەردۆغانیش ٤٩.٥٠٪ی دەنگەکانی بۆ هات.













گەلەری