سەردێڕ:

هۆشدارییەک لە هاتوچۆی هەولێرەوە

AM:08:56:24/05/2023

26948 جار خوێندراوەتەوە

هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە، کامێرای سەر ترافیکلایتەکانی شەقامی ١٠٠ مەتری دەکەونە کار و چەند جۆرێکی سەرپێچی تۆمار دەکەن.


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەمڕۆوە بەشێوەیەکی ئەزموونی کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی لەسەر ترافیکلایتی مەخمور لە جادەی ١٠٠ مەتری دەکەوێتە کار.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کارکردنی ئەو کامێرانە لە سەرەتادا بەشێوەی ئەزموونی دەبێت و لە هەفتەی داهاتووە بە شێوەیەکی بەردەوام دەکەونە کار.

باسی لەوەشکرد، کامێراکان چەند سەرپێچییەک تۆمار دەکەن کە بریتین لە لێدان لە چرای سووری ترافیک لایت و دەرچون لە خێرایی رێگاپێدراوی شەقام لە کاتی چرای سەوز و گرتنی دەستە راستی کراوەی ترافیک لایت و راوەستان لەسەر هێلی پەڕینەوەی پیادەکان و بەزاندنی ستۆپ لاین.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە رۆژی ٢٥ی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە لە شاری هەولێر کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کەوتوەتە کار و وا بڕیاریشە رۆژی ٢٩ی مانگ لەسەر رێگای دووکان- سلێمانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بکەوێتە کار.


 













گەلەری