سەردێڕ:

زیادکردنی گومرگ لەسەر بەرهەمی دەرەوە نیگەرانى بەشێک لە جوتیارانی هەرێمى لێکەوتەوە

PM:11:07:16/05/2023

1972 جار خوێندراوەتەوە

بە بڕیاری حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمى کوردستان، گومرگی سەر بەرهەمی شوتی و تەماتە زیاد کرا، بەڵام بەشێک لە جوتیارانی هەرێم دەڵێن، "ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی ئەوان نەدراوەو هێشتا تەماتەو شوتی لای ئێمە پێنەگەیشتووە".


سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ماوەبەسەرچوو کردو تێیدا هاتووە، بڕیار دراوە بۆ درێژکردنەوەی وادەی دانانی باج لەسەر بەرهەمی شوتی و تەماتەی هاوردە لە دەرەوەی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو بڕیارە تاوەکو رێکەوتی ١ی حوزەیرانى داهاتوو کاری پێدەکرێت و لە پێناو ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم دراوە.

لە بارەی ئەو بڕیارەوە بەشێک لە جوتیارانی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، لەم کاتەدا تەنیا لە ناوچەکانی باشووری عێراق تەماتە پێگەیشتووەو لە سنووری ناوچەکانی هەرێم نەگەیشتوون بە وەرزی پێگەیشتنی ئەو بەرهەمە.

ئاماژەیان بەوەشدا، ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی جوتیارانی عێراقەو ئەو دەروازە سنوورییەی بڕیارەکەی بۆ نێردراوە بە دەست حکومەتی عێراقەوەیەو جوتیارانی هەرێم سوودمەند نابن لێی.



سیروان رەفیق، پێنجوێن













گەلەری