ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ٤٩.٤٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کاندیدی هاوپەیمانی میللەتیش خاوەنی ٤٤.٦٩ـی دەنگەکانە، ٢٧ سندوق لەنێو تورکیا و هەزار و ٥٠٠ سندوقیش لە دەرەوەی وڵات تاوەکو ئێستا نەکراوەنەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و سەرۆکی ئێستای تورکیا ٤٩.٤٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کەمال کلێچدار ئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میللەتیش خاوەنی ٤٤.٦٩ـی دەنگەکانە.
باسی لەوەشکردووە، ٢٧ سندوق لەنێو تورکیا و هەزار و
٥٠٠ سندوقیش لە دەرەوەی وڵات تاوەکو ئێستا نەکراوەنەتەوە و هەژمارکردنیان بۆ
نەکراوە.
لایخۆشییەوە کەمال کلێچدار ئۆغلو رایگەیاند، ئەگەر
هەڵبژاردنەکان بچێتە خولی دووەم بەبێ شک دەیبەنەوە و تاوەکو ئێستاش ئەنجامەکان بەو
جۆرەن کە خولی دووەم ئەنجامدەدرێت.
وتیشی، "نزیکبوونەوەی رێژەی بەشداریکردن بۆ نزیکەی
٩٠٪ دڵخۆشییە و ئەنجامە بەراییەکان دەری دەخەن کە ئەردۆغان متمانەی گەل بە دەست
ناهێنێت ".
دوێنێ کاتژمێر ٨:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان
بەرووی ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەسدا کرایەوە و تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەردەوام
بوو، لەو رێژەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان بۆ یەکەم جار دەنگیان دا.
پەرلەمانی تورکیا لە ٦٠٠ کورسی پێکهاتووە و لە
ئەستەنبوڵەوە ٨٩ پەرلەمانتار دەچنە پەرلەمان و لە ئەنقەرە ٣٦ کاندید سەرکەوتوو
دەبن و لە ئیزمیریش ٢٨ پەرلەمانتار دەچنە پەرلەمان و لە بۆرسا ٢٠ پەرلەمانتار و لە
ئەنتاڵیا ١٧ پەرلەمانتار و لە ئەدەنا ١٥ کاندیدی سەرکەوتوو و و کۆنیا ١٥
پەرلەمانتار و پارێزگاکانی دیکەش پشکیان لەنێوان یەک بۆ ١٤ پەرلەمانتارە.
ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا ٢٨ ەمین خولی پەرلەمانە،
تێیدا لە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیادا دەنگدرا و ژمارەی سندوقەکانی
دەنگدانیش ١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوق بوو ٢٤ پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد لەگەڵ
١٥١ کاندیدی سەربەخۆ.
لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێدا، ململانێیەکی بەهێز لەنێوان
رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ هەبوو لەسەر بەدەستهێنانی کورسی
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر پشکی هەریەکە لە پارتەکانی 'گەلی کۆماری تورکیا'
و 'پارتی داد و گەشەپێدان' خۆیان کاندید کردبوو.