سەردێڕ:

سینان ئۆغان: هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی گەلەماندا بێت دەیدەین

AM:10:07:15/05/2023

2668 جار خوێندراوەتەوە

کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی گەلەکەیاندا بێت دەیدەن و سوپاسی دەنگدەرانی کرد.


سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا پاش راگەیاندنی١٠٠٪ـی ئەنجامە بەراییەکان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەکرد، لە هەلومەرجێکی سەختدا توانییان هەڵبژاردن بەڕێوەببەن.

باسی لەوەشکرد، "لە ئێستا بەدواوە پرۆسەیەکی سەخت چاوەڕێمان دەکات، لە هەلومەرجێکی سەختدا هەڵبژاردنمان ئەنجامدا و ئەمڕۆ لە ئاستێکداین کە راستەوخۆ کاریگەریمان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت لە تورکیا."

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان چاوەڕێیان دەکرد دەنگی زیاتر بهێنن بەڵام دوای دەرچوونی ئەنجامە فەرمییەکان لەبارەی دەنگەکانیانەوە لێدوان دەدەن.

سینان ئۆغان وتیشی، هاوپەیمانێتییەتی ئاتا توانیوویەتی کاریگەری لەسەر دەنگی هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەبێت و لە داهاتووشدا کۆبوونەوەیەک دەکەن و نەخشەرێگایەک دادەڕێژن و هەر بڕیارێکیش لە بەرژەوەندی گەلی تورکیادا بێت دەیدەن.

بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی بڵاوکرانەتەوە، تاوەکو ئێستا١٠٠٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و رەجەب تەیب ئەردۆغان خاوەنی ٤٩.٣٥٪ـی دەنگەکانە و کەمال کلێچدارئۆغلوش خاوەنی ٤٥٪ـی دەنگەکانە.

هاوکات سینان ئۆغان ٥.٢٢٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو موحەڕەم ئینجەش کە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا کشانەوەی خۆی راگەیاند، خاوەنی ٠.٤٣٪ـی دەنگەکانە.

دوێنێ کاتژمێر ٨:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان بەرووی ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەسدا کرانەوە و تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەردەوام بوو، لەو رێژەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان بۆ یەکەم جار دەنگیان دا.

پەرلەمانی تورکیا لە ٦٠٠ کورسی پێکهاتووە و لە ئەستەنبوڵەوە ٨٩ پەرلەمانتار دەچنە پەرلەمان و لە ئەنقەرە ٣٦ کاندید سەرکەوتوو دەبن و لە ئیزمیریش ٢٨ پەرلەمانتار دەچنە پەرلەمان و لە بۆرسا ٢٠ پەرلەمانتار و لە ئەنتاڵیا ١٧ پەرلەمانتار و لە ئەدەنا ١٥ کاندیدی سەرکەوتوو و و کۆنیا ١٥ پەرلەمانتار و پارێزگاکانی دیکەش پشکیان لەنێوان یەک بۆ ١٤ پەرلەمانتارە.

ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا ٢٨ ەمین خولی پەرلەمانە، تێیدا لە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیادا دەنگدرا و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش ١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوق بوو ٢٤ پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد لەگەڵ ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ.

لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێدا، ململانێیەکی بەهێز لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ هەبوو لەسەر بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر پشکی هەریەکە لە پارتەکانی 'گەلی کۆماری تورکیا' و 'پارتی داد و گەشەپێدان' خۆیان کاندید کردبوو.













گەلەری