سەردێڕ:

جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە: کڵیچدارئۆغلۆ هیچ خراپەیەکی بۆ کورد نەبووە

PM:11:23:11/05/2023

1448 جار خوێندراوەتەوە

جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، کوردەکان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیا مەبەستیانە ئەردۆغان لە حوکم بهێننە خوارەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانن دەنگەکانیان بدەنە کڵیچدارئۆغڵو. دەشڵێت، "کڵیچدارئۆغڵو هیچ خراپەیەکەی بەرامبەر کورد نەبووە."


تەیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەردۆغان کۆتایی بە پڕۆسەی ئاشتی هێناو لە جێگای ئەو شەڕی لەگەڵ بزاڤی ئاشتیدا دەکرد و لە ناو تورکیادا تەنها لەوکاتەدا ئازادی بە کوردی قسەبکەیت ئەگەر لە میدیایەک کار بکەیت خزمەتی ئەردۆغان بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، لەبەر ئەوە بە رای کوردەکان هەموو وتە و جووڵانەوەکانی ئەرۆغان خراپە و حکومەتەکەی ئەو سەرۆکییەتی لە تورکیا سوودی بۆ کوردەکان نابێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستدا ئەردۆغان هاوپەیمانە لەگەڵ مەهەپە و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتەکە کە ماوەیەکی دوور و درێژە دژایەتی کورد دەکات بۆیە ئەردۆغان بە شایستەی ئەوە نازانن کە ببێتەوە سەرۆکی تورکیا.

باسی لەوەشکرد، دەسەڵاتداربوونی کەمال کڵیچدارئۆغڵو رکابەری سەرەکی ئەردۆغان نابێتە هۆی سەرکەوتنی شۆرشی کورد بۆیە دەبێت کوردەکان بە تێکۆشان هەوڵی سەرخستنی شۆڕشەکانیان بدەن.

تەیب تەمەل روونیشیکردەوە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارە کوردەکان مەبەستیانە ئەردۆغان لە دەسەڵات بهێننە خوارەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانن دەنگەکانیان بدەنە کەمال کڵیچدار ئۆغڵو، چونکە تا ئێستا ئەو کەسایەتییە هیچ خراپەیەکی بەرامبەر کورد نەبووە.

وتیشی، "هیواخوازن کڵیچدارئۆغڵو هەمان سیاسەتی ئەردۆغان بەکارنەهێنێت و گۆڕانکاری ئەنجامبدات."

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ١٤ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزارو ٩٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیەو لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزارو ٦٧١ دەنگدەر لەدەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیەو لەکۆی گشتی دەنگدەرانیش پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ بەشداریدەکەن کە یەکەمجارە دەنگدەدەن.

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تاکو بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.













گەلەری