سەردێڕ:

بانکی ناوەندی عێراق خشتەی خستنەڕووی دۆلاری بڵاوکردەوە و رێژەی فرۆشی بەرزکردەوە

PM:01:24:11/05/2023

1608 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رێژەی خستنەڕووی دۆلاری بڵاوکردەوە و زیاتر لە ٢١٠ ملیۆن دۆلاری خستەڕوو.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی عێراق ٢١٠ ملیۆن و ٥٨٦ هەزار و ٩١٢ دۆلاری خستەڕوو کە ئەوەش بەرزترین ئاستی ئەم ماوەی دوو هەفتەی رابردووە.

لەو بڕەی بانکی ناوەندی خستویەتیەروو، ١٧٨ ملیۆن و ٢٨٦ هەزار و ٩١٢ دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و ٣٢ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلاریشی بە شێوەی نەختینەی خستووەتەروو.

هاوکات سەرەڕای بەرزکردنەوەی رێژەی خستنەڕووی دۆلار، ئێستا بەهای ١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەهای ١٠٠ دۆلار بەراورد بە دوێنێ دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی عێراق لە ماوەی رابردوودا رایگەیاندبوو،رۆژانە هەرچەندیان بوێت و بەپێی پێویستی دۆلار دەخەنەروو.

هاوکات بەهۆی ئەو رێکارانەی بانکی ناوەندی عێراق گرتوویەتیەبەر بەهای دۆلار لە ماوەی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و بەهای ١٠٠ دۆلار بۆ ١٣٩ هەزار دینار دابەزیبوو، بەڵام لە ئێستادا بەهای دۆلار جارێکی دیکە بۆ نزیکی ١٥٠ هەزار دینار بەرزبوەتەوە.













گەلەری