سەردێڕ:

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردنی تورکیادا پاڵپشتی کێ دەکەن؟

PM:09:09:10/05/2023

1764 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەک لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بە گوێرەی دوایین راپرسییەکان ئەوە پشتراشتبووەتەوە کە دەنگی ئەردۆغان و حزبەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکات و دەشڵێت، "زۆربەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان دڵخۆشدەبن بە بردنەوەی ئۆپۆزسیۆن."


حەسەن ئەحمەد شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تی وتی، هەڵبژاردنی تورکیا پرسێکی چارەنووسازە بۆ هەرێمی کوردستان لە رووی سەربازییەوە و گرنگە بۆ رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی ناوچەکای ئیدلیب و گرنگە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی لیبیا و یەمەن و جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا و فەرەنسا و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا.

ئاماژەی بەوەشدا، بە گوێرەی راپرسییەکان لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەردۆغان و حزبەکەی دەنگی کەمی کردووە و سەرجەم لایەنەکان و خەڵکی تورکیا سەرنجیان لەسەر ئەوەیە شکست بە ئەردۆغان بهێنن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست و ئۆکرانیا و وڵاتە عەرەبییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یۆنان و ئیسرائیل پێیان باشە ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە هەڵبژاردنەکان و بردنەوەی ئەردۆغان دەبێتە هۆی دروستکردنی گرفت بۆ تورکیا و هاوپەیمانی ناتۆش.

لەلایەکی دیکەوە ئارام جەمال شارەزای هەڵبژاردن رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەلایەن چاودێرانی سیاسیەوە بە هەڵبژاردنەکانی سەدە ناسراوە چونکە لە ماوەی ٢٠ ساڵی بردنەوەی ئەردۆغان لەمجارەدا پرسەکان و پێشبینییەکان هەڵگڕاونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی باش بەڕێوەبچیت ئەوا دیموکراسیەتی تورکیا دەجێتە قۆناغێکی نوێوە ئەویش رەنگدانەوەی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە تا ئێستا ژمارەی کورسییەکانی ئەردۆغان کەمیکردووە و ئەویش بەهۆی ئەوەی پارتی هەدەپە کە بۆ یەکەمین جار بەشداری هەڵبژاردنەکانی کرد توانی ١٠٪ی کورسیەکان بەدەستبهێنێت لە کاتێکدا ئەردۆغان دەیوت "مەحاڵە کورد ئەو رێژەیە بەدەستبهێنێت."

باسی لەوەشکرد، هۆکارێکی دیکە بریتییە لەوەی لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی ساڵی ٢٠١١ هەدەپە ئامادەنەبوو لەگەڵ ئەردۆغان حکومەت پێکبهێنێت بۆیە ئاک پارتی پەنای بردە بەر مەهەپە کە لەلایەن چاودێرانی سیاسیەوە بە پارتێکی "رەگەز پەرست ناسراوە" حکومەتی پێکهێنا و هەڵوێستی نەرێمی لەسەر حکومەتی ئەو کابینەیە هەبوو.

بڕیارە لە ١٤ـی ئایاردا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزار و ٦٧١ دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە و لە کۆی گشتی دەنگدەرانیش پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ بەشداری دەکەن کە یەکەمجارە دەنگ دەدەن.

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تا بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.













گەلەری