سەردێڕ:

سودانی: پێویستە چاکسازى بکرێت لە سیستەمى هەناردەى نەوتى عێراق

موحەممەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەگەڵ حەیان عەبدول غەنى وەزیرى نەوتى عێراق
PM:02:56:10/05/2023

5516 جار خوێندراوەتەوە

موحەممەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەردانی وەزارەتی نەوتی کردو لەکۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتەکە رایگەیاند، پێویستە شۆڕشێکی چاکسازی لەکەرتی نەوتی عێراقدا ئەنجامبدرێت.


وەزارەتى نەوتى عێراق لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، موحەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی نەوتی کردوەو لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی بالاى وەزارەتەکەیان گفتوگۆی چەند دۆسیەیەکی ستراتیژی گرنگیان لەبارەی کەرتی نەوتەوە کرد لەوانەش دۆسیەی دەرهێنان و وەبەرهێنانی غازو گەڕان بەدوای نەوت و ژێرخانی ئابووری.

هاوکات نووسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق، ئاماژەى بەوەداوە، شیاع سودانى، لەکۆبوونەوەکەدا جەختیلەوەکردووەتەوە، کەرتی نەوتی عێراق پێویستی بە شۆڕشێکی چاکسازییە، هەروەها هەڵوێستی لەسەر گرفتەکانی بەردەم پڕۆژەکانی وەزارەتی نەوت و رێکارەکانی چارەسەرکردنیان کردووە.

هاوکات باسی لە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ کردووە کە لەمدواییانەدا بەهەوڵی نیشتیمانی جێبەجێکراون وەک کێڵگەی غازی عوکاز کە سەرچاوەیەکی گرنگی بەدەستهێنانی داهاتە کەلەگەڵ خستنەڕووی پێشنیاری هەلێکی وەبەرهێنان لەبواری پاڵاوتندا کە کۆتایی بەهاوردەی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق دەهێنێت و دەچێتە قۆناغی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە.

موحەممەد شیاع سودانی، بەپێویستی زانیوە گرفتەکانی بواری هەناردەکردن لەکەرتی نەوتدا چارەسەر بکرێت کە ئەوەش پێویستی بەهەوڵی نیشتیمانی و لێکۆڵینەوەو دیاریکردنی گرفتە هەنوکەییەکان هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێستا بەهۆى راگیرانى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بەشێک لە هەناردەى نەوتى عێراقیشی لەگەڵدا راگیراوە، ئەمەش گرفتى بۆ عێراق دروستکردوە، چونکە ئاستى هەناردەى نەوتى عێراقى کەمکردووەتەوەو بەغدا بەردەوامە لە دۆزینەوەى رێگەچارەیەک بۆ ئەوەى ئاستى هەناردەى نەوتەکەى بگەڕێنێتەوە بۆ پێش بڕیارەکەى ئەنجوومەنى دادوەرى پاریس.

عێراق بە پێنجەم وڵاتى دەوڵەمەند لەرووى نەوتى ئەمبارکراو لەجیهاندا هەژمار دەکرێت، کە بەگوێرەى داتاو زانیارییەکانى وەزارەتى نەوتى عێراق، ژێرخانى نەوتى عێراق بە ١٤٠ ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت.

موحەممەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەردانی وەزارەتی نەوتی کردو لەکۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتەکە رایگەیاند، پێویستە شۆڕشێکی چاکسازی لەکەرتی نەوتی عێراقدا ئەنجامبدرێت.












گەلەری