سەردێڕ:

ئایا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا دەچێتە خوولی دووەمەوە؟

PM:10:04:08/05/2023

2304 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی دوایین راپرسی لەسەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئاستی پشتیوانیەکانی دەنگدەران بۆ هاوپەیمانی میللـەت و هاوپەیمانی نیشتمانی لەیەکەوە نزیکن. پسپۆڕێکی پەیوەندییە سیاسییەکانیش دەڵێت، "رەنگە ئەم هەڵبژاردنە بچێتە خولی دووەمەوە".


ئیبراهیم ئوسلو پسپۆڕی پەیوەندییە سیاسییەکان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، بەپێی دوایین راپرسییەکان رەنگە ئەم هەڵبژاردنە بچێتە خولی دووەمەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەم پێشبڕکێیەدا تاکو ئێستا هیچ ئەندامێک ٥٠٪ی تێنەپەڕاندووە.

دەشڵێت، هەندێک جار کەمال کڵیچدارئۆغڵو و هەندێک جار رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشڕەوی دەکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە کێ لە قۆناغی یەکەمدا ٥٠+١٪ بەدەستدەهێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەو دوو کاندیدە سەرکەوتن بەدەست نەهێنن، ئەوا لە ٢٨ی مانگی پێنجدا قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچێت.

ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە سیاسییەکان باسی لەوەشکردووە، "لەم هەڵبژاردنەدا هێشتا بەڕوونی نابینین کێ سەردەکەوێت. لە مێژووی تورکیادا تا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێک نەچووەتە خولی دووەم. لە تورکیا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٨ سیستەمی قۆناغی دووەم دەستیپێکرد. پێدەچێت بۆ یەکەمجار لەم هەڵبژاردنەدا رووبدات".

ئیبراهیم ئوسلو وتیشی، سیستەمی تورکیا جیاوازە لە سیستەمی وڵاتانی دیکە، لە تورکیا تەنها سەرۆککۆمار هەڵنابژێردرێت، بەڵکو ئەندامانی پەرلەمانیش هەڵدەبژێرێن. ئەمەش بتەوێت یان نا، زیاتر قۆناغی دووەم دەهێنێتە ئاراوە.

راشیگەیاند، ئەو وڵاتانەی سیستەمی هەڵبژاردنی دوو خولی بەڕێوەدەبەن، لەڕووی ئیدارەشەوە هەندێک جیاوازی دروست دەکەن. کاتێک هەڵبژاردن دەچێتە خولی دووەمەوە، ئەو وڵاتانەی جیهان کە سیستەمی خولی دووەمیان بەکارهێناوە شتێکی سەرنجڕاکێش پیشان دەدەن. ئەگەر ئەندامێک لە خولی یەکەمدا سەرکەوتوو بوو، ئەوا لە خولی دووەمیشدا سەرکەوتوو دەبێت، کە رێژەی ئەمەش ٨٥٪ـە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ١٤ی ٥ی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆماری تورکیا لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت و تیایدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی کاندیدی هاوپەیمانی نیشتیمانییە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و کەمال کڵیچدار ئۆغلو سەرۆکی پارتی کۆماری گەل کاندیدی هاوپەیمانی میللـەتە کە هەدەپە پشتیوانی لێدەکات و رکابەری سەرسەختی ئەردۆغانە.

بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمە یەکەمجارە لەماوەی ٢١ ساڵی رابردوودا کە بەرامبەر کاندیدێک رووبەڕووی کێشەیەکی زۆر ببێتەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا. هاوکات ئەگەر یەک کاندید ٥٠+١٪ دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، هەڵبژاردن لە ٢٨ ی ٥ی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت.













گەلەری