سەردێڕ:

بەگوێرەی راپرسییەکان ئەگەری هەیە کلیچدار ئۆغڵۆ سەرکەوتن مسۆگەر بکات

PM:10:19:06/05/2023

3472 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی راپرسییەکان، ئەگەری هەیە دوای دوو دەیە لە سەرکردایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەسەر تورکیادا، کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار سەرکەوتن مسۆگەر بکات و پێدەچێت ئاراستەیەکی نوێ لە سیاسەتی ئەنقەرە بێتە ئاراوە.


ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە ئاماژەی بەوەداوە، دوای دوو دەیە لە سەرکردایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەسەر تورکیادا، پێدەچێت ئاراستەیەکی نوێ لە سیاسەتی ئەنقەرە بێتە ئاراوە.

کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەو باوەڕەدایە کاتی ئەوە هاتووە تورکیا بخاتە سەر رێگایەکی نوێ و بەشێکی زۆری میراتی ئەردۆغان کە دوو دەیەیە بەسەر سیاسەتی تورکیادا زاڵە، لایبدات.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، راپرسییەکان دەریدەخەن ئەگەری ئەوە هەیە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بچێتە قۆناغی دووەم و ئەگەری سەرکەوتنی کلیچدارئۆغڵۆی تەمەن ٧٤ ساڵیش بە پێی ئەو راپرسیانە کەم نییە.

دەشڵێت، کێشە ئابوورییەکان و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، جەماوەری ئەردۆغانی لەم ساڵانەی دواییدا کەم کردوەتەوە و هاوکاتیش کلیچدارئۆغڵۆ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی، رێگاچارە و بەرنامەکانی خۆی پێشکەش بەدەنگدەرانی تورکیا کردووە.

راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کلیچدارئۆغڵۆ بەڵێنی گەڕانەوەی بۆ سیستمی حکومەتی پەرلەمانی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پەیوەندی باشتر لەگەڵ رۆژئاوادا داوە و لە یەکێک لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنیشدا باس لەوە دەکات کە ئاگاداری تێچووی بژێوی و بێهیوایی گەنجانە و دەڵێت، "کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکارییەک لە وڵاتەکەدا بێتە ئاراوە".

بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ئاستی جیهانیدا لەو رووەوە گرنگە کە دیاری دەکات تورکیا لە کەمکردنەوەی ململانێکانی ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا چ رۆڵێک دەگێڕێت.

کلیچدارئۆغڵو پێش ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە، لە وەزارەتی دارایی کاری کردووە و لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا سەرۆکی دامەزراوەی بیمەی کۆمەڵایەتی تورکیا بووە.

ئەو وەک ئابوریناسێک لە ساڵی ٢٠٠٢ کاتێک ئاکەپەی ئەردۆغان بۆ یەکەمجار هاتە سەر دەسەڵات، بوو بە پارلەمانتاری پارتی جەهەپە، پارتێک کە لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن دامەزراوە.

هەروەها، لە ساڵانی رابردوودا باسی لە ئاشتی و ساڕێژکردنی برینە کۆنەکانی لەگەڵ کوردەکان و کەمایەتییەکاندا کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کارنامەی حکومی تایبەت بە خۆی ئاشکرا کرد کە دیارترین ناونیشانەکانی بریتین لە: ماف و دادپەروەری و دادوەری، کەرتی گشتی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چاودێری و شەفافیەت، دامەزراندن، زانست و پەرەپێدان، گۆڕینی دیجیتاڵی، فێرکردن، سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان، سیاسەتی دەرەکی، بەڵام هیچ ئاماژە بە دۆسیە و پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا نەکراوە.

"هاوپەیمانی گەل" کە بە هاوپەیمانی "شەش قۆڵی"یش ناسراوە و بەهێزترین هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە و بە توندی ململانێ لەگەڵ ئەردۆغان دەکات و لە هەریەک لە پارتەکانی گەلی کۆماری و نوێ و ئایندە و سەعادەت و دەوا و پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" پێکهاتووە. سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان داوای گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی دەکەن و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری کاندیدیانە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکاندا.

بڕیارە لە ١٤ـی ئایاردا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزار و ٦٧١ دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە و لە کۆی گشتی دەنگدەرانیش پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ بەشداری دەکەن کە یەکەمجارە دەنگ دەدەن.

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تا بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.













گەلەری