سەردێڕ:

زانیاری لەبارەی سیستمی هەڵبژاردن لە تورکیا

PM:03:57:05/05/2023

6120 جار خوێندراوەتەوە

لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ پێویستە کاندید زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بۆ دەرچوونی پارتەکانیش سیستمی "هۆندت" پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا پێویستە هەر پارتێک بەربەستی ٧٪ تێپەڕێنێت تا بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.


سیستمی "هۆندنت" بریتییە لە و سیستمەی ڤیکتۆر هۆندت بیرکاری زانی بەلیجیکی دایهێناوە کە بریتییە لە دابەشکردنی دەنگی دەنگدەران بەسەر پارتە بەشداربووەکانی هەر بازنەیەک بەشێوەیەکی سەربەخۆ کە لە ژمارە یەکەوە دەستپێدەکات تا کۆتا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارەی پێویستە لەو بازنەیەدا دەربچێت.

ئەم سیستمە بە سیستمی "رێژە"ش ناسراوە و جگە لە تورکیا چەند وڵاتێکی دیکەش لە جیهاندا پەیڕەوی دەکەن کە لەناویاندا وڵاتی ئەوروپیش هەن.

بە گوێرەی سیستمی "هۆندت" پێویستە هەرپارتێک بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنێت، بەڵام ساڵی رابردوو رێژەکە لە تورکیا هەموار کرایەوە و کەمکرایەوە بۆ رێژەی ٧٪. بەو پێیەش هەر پارتێک یان هاوپەیمانێتییەک نەتوانێت بەربەستی ٧٪ تێپەڕینێت ناتوانێت بچێت پەرلەمانەوە.

هاوکات، کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماریش پێویستە زیاتر ٥٠٪ی دەنگی دەنگدەران مسۆگەر بکات تا بتوانێت ببێتە سەرۆکی وڵات.

هەربەگوێرەی سیستمی هەڵبژاردنی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆمار، ئەگەر سێ کاندید یان زیاتر هەبن و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا دوو بەهێزترین کاندید نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەوا دەچنە خولی دووەمی هەڵبژاردنەوە، ئەگەر لە خولی دووەمدا یەکێک لە کاندیدەکان کشایەوە، ئەوا کاندیدی سێیەم دێتە پێشەوە و دەبێتە کاندیدی دووەم و بەشداری لە خولی دووەم دەکات.

بڕیارە لە ١٤ـی ئایاردا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزار و ٦٧١ دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە و لە کۆی گشتی دەنگدەرانیش پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ بەشداری دەکەن کە یەکەمجارە دەنگ دەدەن.

لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٣ ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردن تەنها ٣٦ حزب توانیویانە مەرجە پێویستییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن جێبەجێ بکەن لەکۆی ١٢٢ حزبی سیاسی.

گەورەترین ئەو حزبانەی بەشدارن لە هەڵبژاردن لە پەرلەمانی تورکیا پێنج حزبی سیاسی گەورەن کە ئەوانیش، پارتی دیموکراتی گەلان( هەدەپە) و پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی کۆماری و جوڵانەوەی نەتەوەیی.

لەم هەڵبژاردنەی تورکیادا ئەنجومەنی ئەوروپا ٣٥٠ چاودێری نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن رەوانەی ئەو وڵاتە دەکات کە پێشتر هۆشداری دابوو.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا چوار کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا کاندید کردووە کە دیارترینیان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و کەمال کلیچدار ئۆغڵون.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیادا پێنج هاوپەیمانی بەشداری دەکەن کە بریتین لە:

یەکەم: هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵاتدار لە هەریەک لە پارتی داد و گەشە و بزوتنەوەی نەتەوەیی و یەکبوونی گەورە و پارتی رەفای نوێ پێکهاتووە. هەروەها هەریەکە لە هودا پار، کە پارتێکی ئیسلامی کوردییە و پارتی چەپی دیموکرات پشتیوانی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن.

دووەم: هاوپەیمانی گەل کە بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە و بە توندی ململانێی ئەردۆغان دەکات، لە هەریەک لە پارتەکانی گەلی کۆماری و نوێ و ئایندە و سەعادەت و دەوا ودیموکرات پێکهاتووە. سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان داوای گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی دەکەن.

سێیەم: هاوپەیمانی تێکۆشان و ئازادی کە هەریەک لە پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"، کە بۆ ئەوەی لە قەدەغەکردن رزگاری بێت بەناوی "پارتی چەپی سەوز" بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و خاوەنداری هاپەیمانێتییە دەکات و لەگەڵ پارتی کاری تورکی بە پشتیوانی پارتە چەپە کوردییەکان هاوپەیمانێتییەکەی پێکهێناوە، لەماوەی رابردوودا رایگەیاند، کەمال کلیچدار ئۆغلۆ کاندیدی ئەوانیشە.

چوارەم: هاوپەیمانی ئاتا "باوان" لە پارتی ئازادی و پارتی سەرکەوتن کە ئومێد ئۆزداغ سەرۆکایەتی دەکات، پێکهاتووە.

پێنجەم: هاوپەیمانی یەکێتی هێزە سۆشیالیزمەکان لە پارتی بزوتنەوەی شیوعی و پارتی تورکی شیوعی و پارتی چەپ پێکهاتووە.

هەروەها، کاندیدی هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵاتدار رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی پارتی داد و گەشە "ئاکاپارتی" دەسەڵات و سەرۆککۆماری ئێستای تورکیایە.

لەبەرامبەردا، کاندیدی هاوپەیمانی گەل کەمال کلیچدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆمارییە کە بەهێزترین رکابەری ئەردۆغان و بەرەی ئۆپۆزسیۆن پێکدەهێنێت.

هاوکات، سینان ئۆغان کاندیدی "هاوپەیمانی باوان"ە بەپشتیوانی هاوپەیمانی "تێکۆشان و ئازادی"، بەڵام تائێستا هاوپەیمانی هێزە سۆشیالیزمەکان هیچ کاندیدێکیان نییە و خۆشیان بۆ هیچ کام لەو سێ کاندیدە یەکلایی نەکردووەتەوە.

پێشتر، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، ٢٦ پارت خۆیان تۆمار کردووە بە ئامانجی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا.

کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا

پەرلەمانی تورکیا لە ٦٠٠ کورسی پێکهاتووە هەریەک لە ئەستەنبول ٨٩ پەرلەمانتار و ئەنقەرە ٣٦ پەرلەمانتار و ئیزمیر ٢٨ پەرلەمانتار و بۆرسا ٢٠ پەرلەمانتار و ئەنتاڵیا ١٧ پەرلەمانتار و ئەدەنا ١٥ پەرلەمانتار و کۆنیا ١٥ پەرلەمانتار و پارێزگاکانی دیکەش پشکیان لەنێوان یەک بۆ ١٤ پەرلەمانتارە

بە گوێرەی راپرسییەکانی ئەم دواییانە لە تورکیا، ئەردۆغان و کلیچدارئۆغڵۆ دەنگەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیکن و بە تێکڕا حەوت راپرسی لە مانگی نیساندا ئەنجام دراوە و بەپێی راپرسییەکان لە ٥٠.٣٪ی دەنگەکان بۆ کلیچدارئۆغڵۆیە و لە ٤٩.٧٪ی دەنگەکانیش بۆ ئەردۆغانە ئەوەش بە پێی راپۆرتی middle east eye بەریتانی.

دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا چین؟

بەپێی دەستوور سەرۆککۆمار خاوەنی دەسەڵاتی جێبەجێکارییە و ئەرکی پاراستنی دەستورە دەسەڵاتەکانی لەم چەند خاڵەدا کۆدەبێتەوە:

١-ناردنی رێنمای بۆ پەرلەمان تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی وڵات.

٢-پەسەندکردنی یاساکان.

٣-گێڕانەوەی یاسا بۆ پەرلەمان و پێداچوونەوە.

٤-مافی ئەوەی هەیە کەیسێک لە دادگای دەستووری بکاتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی کە پێچەوانەی هەندێک یان هەموو بڕگەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیان، یان لە رووی فۆرم یان ناوەڕۆکەوە پێچەوانەی دەستوورن.

٥-دامەزراندنی وەزیر و جێگری سەرۆککۆمار و دورخستنەوەیان.

٦-دامەزراندنی بەرپرس بۆ پۆستی باڵا لە کەرتە گشتییەکان و دورخستنەوەیان.

٧- نوێنەرانی وڵاتەکەی دەنێرێتە دەرەوە و پێشوازی لە نوێنەرانی وڵاتانی دیکە دەکات.

٨- پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پەسەند دەکات.

٩-گۆڕینی دەستور بە ریفراندۆم لە کاتی پێویستیدا.

١٠- سیاسەتەکانی ئاسایشی نیشتمانی دیاری دەکات و رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر.

١١- پۆستی سەرۆکی هێزەچەکدارەکان دەکات بە نوێنەرایەتی پەرلەمان.

١٢- بڕیاری بەکارهێنانی هێزەچەکدارەکان و سوپا دەردەکات.

١٣- کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی کە بەسەر ئەو سزادراوانەدا دەسەپێنرێت کە تووشی نەخۆشی درێژخایەن، کەمئەندامی یان پیری بوون.

١٤- هەروەها سەرۆکی کۆمار دەسەڵاتی هەڵبژاردن و دانانیش بەکاردەهێنێت و ئەو ئەرکانەی تریش ئەنجام دەدات کە دەستوور و یاساکان پێی سپێردراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٨ی تورکیا بە دوو خول ئەنجامدرا و لە هەردوو خولەکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆرترین ژمارەی دەنگەکانی بەدەستهێنا بە جۆرێک پێش ئەوەی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان ئەنجامبدرێت وتی، "ئەنجامەکان یەکلاکەرەوەن."

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨"هاوپەیمانی کۆماری" کەلە پارتی داد و گەشە و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی پێکهاتبوو توانیان ٣٤٤ کورسی پەرلەمانی مسۆگەر بکەن و هاوپەیمانی "گەل"یش ١٩٥ کورسی مسۆگەر کرد کە لە پارتی گەلی کۆماری وپارتی نوێ پێکهاتبوو. لەبەرامبەردا پاری دیموکراتی گەلان "هەدەپە" توانی ٦٧ کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکات.













گەلەری