وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٩٠٦ هەزار منداڵ لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لە دایکبوون بێ هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری لە دایکبوونی منداڵانی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٩٠٣ هەزار و ١٦ منداڵ لە ناوەوەی عێراق و سێ هەزار و ١٠٥ منداڵیش لەدەرەوەی عێراق لە دایکبوون و ئەو ئامارەش بە بێ لەدایکبوانی هەرێمی کوردستانە.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، رێژەی لە دایکبووانی نێرینە زۆرترە
لە مێینە بە جۆرێک ٤٦٣ هەزار و ٣٢٧ منداڵی نێر لە دایکبوون لە بەرامبەردا ٤٤٢ هەزار
و ٧٩٤ منداڵیش مێینەن.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە ٧٦٪ی منداڵەکان لە نەخۆشخانەی حکومی لە دایکبوون و
لە سەدا ٢٢ش لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان لەدایکبوون، لە ١.٦٪یان لە ژێر چاودێری تەندروستیدا
بوون.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ئامارەکەیدا باسی لەوەشکردووە، ٥١٢ هەزار و
٧٤٦ منداڵ بە شێوەی سروشتی و ٣٩٠ هەزار و ٢٧٠ منداڵیش بە نەشتەرگەری لە دایکبوون.