سەردێڕ:

ئەحمەد تورک: هیچ لایەنێک بەبێ کورد ناتوانێت لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت

PM:03:34:30/04/2023

1864 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری ناسراوی کورد لە باکوری کوردستان رایگەیاند، پێویستە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا کورد یەکگرتووبێت، چونکە هیچ لایەنێکی سیاسیی و هیچ کەسێک بەبێ کورد ناتوانێت سەرکەوتوبێت.


ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری کورد و سەرۆکى پێشووتری شارەوانی شارى ماردین، لە ميانى بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا و ناساندی کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز ناسراو بە "یەسەپ"دا ئاماژەی بەوەکرد، کورد لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنێکی گەورە تۆماردەکەن و لە پەرلەماندا فراکسیۆنێکی بەهێز دروستدەکەن.

وتیشی، لە ئێستادا نزیکەی دوو هەزار سیاسەتمەدار و چالاکوانی کورد لە زینداندانن، بۆیە پێویستە لەپێناو ئازادکردنیاندا، لەژێر چەتری پارتی چەپی سەوز و هاوپەیمانی رەنج و ئازادییدا کۆببنەوە و دەنگەکانیان یەک بخەن.

ئەحمەد تورک پێشتریش ئاماژەی بەوەکردبوو، پێشبینیدەکەن کورد لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا نزیکەی ٩٠ کورسی بەدەستبهێنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، راپۆرتێکی شیکاری ماڵپەڕی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە. بەڵام پارتە کوردییەکان بەسەر هاوپەیمانێتییەکاندا دابەشبوون و نەیانتوانیوە هێڵی گشتی یەکگرتووییان بپارێزن.

لە رێکەوتی ٢٤ی ٤ی ٢٠٢٣ موسلم دۆغان وەزیری پێشووی گەشەپێدان لەکابینە وزارییەکەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، کێشەی کورد کێشەیەکی سەد ساڵەیە، هەرچەندە ئەم پرسە ئاڵۆزە، بەڵام دەتوانرێت بە هەندێک هەنگاوی دیار چارەسەر بکرێت.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە تیشیک خستەسەر ئەوە کە لەم هەڵبژاردنەدا حکومەت و ئۆپۆزسیۆنیش چاویان لە بەدەستهێنانی دەنگی کوردە، بەڵام هیچ پڕۆژەیەکی بەرچاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نیشان نادەن.

دەشڵێت، دوای هەڵبژاردن هەر ئەنجامێک بێت با بێت، بەڵام بۆ ئاشتی هەمیشەیی دەبێت حکومەتی نوێ کێشەی کورد چارەسەر بکات.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، کێشەکانی تورکیا وەک جاران بەردەوام دەبن.

رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٨ی ٤ی ٢٠٢٣ میتحەت سانجار هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا ئاشکرای کرد، "لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئێمە پشتگیری لە كەمال كلیچدار ئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی میللەت دەكەین".

ئاماژەی بەوەشدا، دوو ئامانجی ستراتیجییان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە ئەوانیش كۆتاییهێنانە بەرژێمی تاكە كەسی و ببنە كاریگەرترین هێز لەگۆڕانكاری دیموكراسیدا.

وتیشی، " ئەو ئامانجانەش دیارە لەگەڵ كەمال كلیچدار ئۆغڵو یەكدەگرنەوە بۆیە پشتیوانی دەبین".

بڕیارە لە ١٤ی ٥ی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی و کەمال کلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە دوو کاندیدی رکابەری یەکترن

لە رێکەوتی ٢١ی ٤ی ٢٠٢٣ دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی یۆنەیلەم تایبەت بە راپرسی لەنوێترین راپرسیدا بڵاویکردەوە، لەهەڵبژاردنەکەی ١٤ی ٥ی ٢٠٢٣ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بەرامبەر بە "کەمال کلیچدار ئۆغڵو "کاندیدی هاوپەیمانی میللەت شکستدەهێنێت.













گەلەری