سەردێڕ:

مەرجى پلاندانان بۆ ئەنجامدانى سەرژمێرى گشتى دیارى کرا

AM:08:38:11/09/2021

5420 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى پلاندانى عێراق رایگەیاند "تەرخانکردنى بودجە گرەنتى ئەنجامدانى سەرژمێرى گشتى لە عێراق دەکات لەساڵى ٢٠٢٢دا، ئەو بەربەرستانەشى ئاشکرا کرد کە لەبەردەم جێبەجێکردنى پڕۆژەى سەرژمێرییەکەدا هەبووە.


عەبدولزوهرە هینداوى، وتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراقییە رایگەیاند "لەساڵى ٢٠١٠ەوە جێبەجێکردنى سەرژمێرى گشتى دانیشتوان بەچەندین بەربەستدا تێپەڕیوە".

وتیشى "یەکێک لە بەربەستە گەورەکانى ئەو کاتە کێشە و ململانێکان بوو لەبارەى ناوچە کێشە لەسەرەکان ، ئەمە جگە لە چەند بابەتێکى ترى ناکۆک بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە".

وتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق ئاماژەى بەوەش کرد کە سەرەڕاى ئامادەکارییە باشەکانى وەزارەت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە ساڵى ٢٠٢٠دا و بەهۆى قەیرانى ئابورى و پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە بڕیاردرا جێبەجێکردنى پڕۆژەى سەرژمێرى گشتى دانیشتوان بخرێتە ساڵى ٢٠٢١، بەڵام بودجەى گشتى ٢٠٢١ هیچ بڕە پارەیەکى بۆ ئەنجامدانى پڕۆژەکە تەرخان نەکردبوو.

وتیشى "پڕۆژەکە خراوەتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران و رەزامەندى ئەنجومەنەکەمان بۆ ئەنجامدانى وەرگرتووە و مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە وەزارەتى دارایى کردووە لە بودجەى گشتى ٢٠٢٢دا بودجەى پێویست بۆ ئەنجامدانى تەرخان بکەن".

عەبدولزوهرە هینداوى رونیشیکردەوە، وەزارەت چاوەڕوانى بودجەى ٢٠٢٢ دەکات بۆ گرەنتیکردنى ئەنجامدانى پڕۆژەکە.

جەختیشى کردەوە، وەزارەت لە توانایدا هەیە بەر لە کۆتایهاتنى ساڵى داهاتوو سەرژمێرییەکە ئەنجام بدات.













گەلەری