سەردێڕ:

سەرۆک کۆماری تورکیا بەشداریکردنی لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا راگرت

PM:02:13:26/04/2023

6872 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە بەشداریکردنی لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن بۆ ماوەیەک رادەگرێت.


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە تویتێکدا دەڵێت، "لەسەر ئامۆژگاری پزیشکەکانم ئەمڕۆ لە ماڵەوە پشوو دەدەم."

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ میدیایەکی تورکیدا چاوپێکەوتنی هەبوو و بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە بەرنامە تەلەڤزیۆنیەکە پێشوەختە کۆتایی هات.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا بەهۆی تووشبوونی بە ژەهراویبوون بەهۆی خواردنەوە چالاکی بانگەشەی هەڵبژاردن دوادەخات.

جێگای ئاماژەیە، لە رێکەوتی ١٤ی مانگی ئایاری ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەرێوەدەچێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی ١٩٥٤ لە دایکبووە و سەرۆک کۆماری تورکیایە و پێشتریش سەرۆک وەزیرانی تورکیا بووە و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانیشە و ئەو پارتە سیاسیەی خاوەنی زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانە.












گەلەری