سەردێڕ:

وەزیرێکی پێشووی تورکیا: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد پێویستە تورکەکانیش فێری زمانی کوردی بن

PM:10:41:24/04/2023

5056 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پێشووی گەشەپێدان لە کابینەکەی داود ئۆغڵۆ رایگەیاند، هەروەک چۆن کورد لە پەروەردەدا فێری زمانی تورکی دەبێت، پێویستە تورکیش بە فەرمی و ناچاری فێری زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا ببێت. دەشڵێت، "ئەمەش بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی کوردە لە تورکیا".


موسلم دۆغان وەزیری پێشووی گەشەپێدان لەکابینە وزارییەکەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، کێشەی کورد کێشەیەکی سەد ساڵەیە، هەرچەندە ئەم پرسە ئاڵۆزە، بەڵام دەتوانرێت بە هەندێک هەنگاوی دیار چارەسەر بکرێت، بۆ نموونە، پارێزگاری ئامەد پێویستە لەلایەن خەڵکی ئامەدەوە هەڵبژێردرێت و هی جەزیرەش لە لایەن خەڵی جەزیرەوە.

وتیشی، "بە بۆچوونی من، پاراستنی یەکڕیزی تورکیا بە رێگریکردن لە مافەکانی کورد نییە، بەڵکو پێدانی مافی کوردە".

ئەوەشی خستەڕوو، دەڵێن بناغەی زمانی کوردی نییە، ئەمە راستە. سەیری بکەن، لە رۆژێکدا زمانی عوسمانی بوو بە زمانی تورکی. بۆ کوردیش ئەمە مومکینە. ئەگەر تورکیا بیەوێت دەتوانێت بڕیارێک بدات و لە یەک رۆژدا کێشەی زمانی کوردی چارەسەر بکات.

موسلم دۆغان ئاماژەی بەوەشدا، "زمانی کوردی پێویستە لە پەروەردەدا ببێتە زمانێکی ناچاری. ئەگەر ئێمە براین و دەمانەوێت پێکەوە بژین، هەروەک چۆن کورد ناچار بوو زمانی تورکی فێربێت، تورکیش دەبێت فێری زمانی کوردی ببێت. ئەمەش بۆ پێکەوە ژیانی کورد و تورک پێویستە."

لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە تیشیک خستەسەر ئەوە کە لەم هەڵبژاردنەدا حکومەت و ئۆپۆزسیۆنیش چاویان لە بەدەستهێنانی دەنگی کوردە، بەڵام هیچ پڕۆژەیەکی بەرچاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نیشان نادەن.

دەشڵێت، دوای هەڵبژاردن هەر ئەنجامێک بێت با بێت، بەڵام بۆ ئاشتی هەمیشەیی دەبێت حکومەتی نوێ کێشەی کورد چارەسەر بکات.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، کێشەکانی تورکیا وەک جاران بەردەوام دەبن.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥ موسلیم دۆغان لەسەر لیستی هەدەپە هەڵبژێردرا بۆ پەرلەمانتاری ئیزمیر.

بڕیارە لە ١٤ی ٤ی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت و هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی و کەمال کلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە دوو کاندیدی رکابەری یەکترن و کوردیش کە بەڵام بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە. بەڵام پارتە کوردییەکان بەسەر هاوپەیمانێتییەکاندا دابەشبوون و نەیانتوانیوە هێڵی گشتی یەکگرتووییان بپارێزن.













گەلەری