سەردێڕ:

ئەمریکا و ئیسپانیا ژمارەیەک تانکیان رەوانەی ئۆکرانیا کرد

PM:07:09:22/04/2023

2076 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو تانکانەی جۆری M1 Abrams کە وڵاتەکەی دەیداتە ئۆکرانیا لەم نزیکانەدا دەگەنە ئەڵمانیا بەمەبەستی مەشق و راهێنان لەسەریان. هاوکات، ئیسپانیاش شەش تانکی جۆری لیوپاردی رەوانەی ئۆکرانیا کرد.


لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە دوای میوانداریکردنی کۆبوونەوەی گرووپی دیداری بەرگریی ئۆکرانیا کە لە بنکەی ئاسمانی رامستین لە ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو تانکانەی جۆری M1 Abrams کە سەربازانی ئۆکرانی مەشقیان لەسەر دەکەن لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەگەنە ئەڵمانیا.

هەروەها، مارک میللی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تانکانەی رەوانەی ئەڵمانیا دەکرێن تانکی جەنگی نین بەڵکو بەئامانجی مەشق و راهێنان رەوانە دەکرێن تاوەکو سەربازانی ئۆکرانی فێری چۆنیەتی بەکارهێنانیان ببن.

ئەوەیشی خستەڕوو، تانکەکانی دیکەش نوێ کراونەتەوە و کاردەکەن بۆ ئەوەی رادەستکردنیان خێرا بکرێت.

مارک میللی ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەوباوەڕەدام ئەم تانکانەی رادەست دەکرێن جیاوازی لە گۆڕەپانی جەنگدا دروست دەکەن''.

هاوکات، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، تا کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ ٣١ تانکی جۆری M1 Abrams دەگەنە ئەڵمانیا و چاوەڕواندەکرێت ماوەی مەشقەکە ١٠ هەفتە بخایەنێت.

هەروەها، بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاندووە، دوای چاککردنەوەیان شەش تانک لە جۆری لیوپارد رەوانەی لەسەر کەشتییەکی جەنگی رەوانەی ئۆکرانیا کراون کە لەبەندەری سانتاندێر لە پۆڵەنداوە بەڕێکەوتووە.

هەربەگوێرەی میدیاکان، حکومەتی ئیسپانیا پلانی هەیە چوار تانکی دیکە لیوپارد رەقانەی ئۆکرانیا بکات.

پێشتر، کارگرێتا رۆبڵز وەزیری بەرگری ئیسپانیا ئاشکرای کرد، پێویستە لەگەڵ کۆتاییهاتنی مانگی نیسانی ئەمساڵدا هاوکارییە سەربازییەکان و تانکەکان بگەنە دەست حکومەت و سوپای ئۆکرانیا.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٢ بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا سوپای وڵاتەکەی ئۆپراسیۆنەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەبەرامبەردا ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای ئابوری و بازرگانی و داراییان خستە سەر حکومەت و کۆمپانیا و دامەزراوە فەرمییەکانی روسیا و بە پێدانی پارە و فرۆشتنی چەک و مەشقپێکردنی سوپا هاوکاری ئۆکرانیا دەکەن و تا ئێستاش کۆمەکییەکان بەردەوامن.













گەلەری