سەردێڕ:

تاڵیبان لەبارەی عێراقەوە قسەدەکات

PM:11:01:09/09/2021

54936 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، ئەفغانستان پێویستی بە هاوڵاتییەکانی خۆی هەیە و هیچ بیرۆکەیەکی نییە بۆ رەوانەکردن و ناردنی شیعەکانی ناوچەی هەزارەی وڵاتەکەی بۆ عێراق.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد نەعیم وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی تاڵیبان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی روسیا تودەی رایگەیاند، ئەوانەی لە ئەفغانستان نیشتەجێن ھاوڵاتی ئەو وڵاتەن و نیشتیمانی خۆیانە، ھەربۆیە بیرۆکەی کۆچپێکردن و ناردنە دەرەوەیان زۆر نامۆیە و جێگەی سەرسوڕمانە کەسانێک بۆ برەو بەم جۆرە بیرۆکانە دەدەن. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەفغانییەکان ھەموویان یەک گەلن و ئەفغانستانیش وڵاتی خۆیانە و ھیچ کێشەیەکییان نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی لەگەڵ سوپای ھاوپەیمانان و ئەمریکا و ھێزە بیانییەکان کاریان کردووە پێویستیمان پێیانە لە ئێستادا و داواشمان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کردووە وازییان لێبێنن و ئەوان لە وڵاتی خۆیاندا نیشتەجێن.
وتیشی، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان تەنانەت ئەو ھاوڵاتییە ئەفغانییانەی لەگەڵ ھێز و رێکخراوە بیانییەکان کاریان نەکردووە لە وڵات نەڕۆنەدەرەوە، چ جای بگات بەوەی دانیشتوانی وڵاتەکەیان ببرێنە دەرەوە.
ھەزارە چییە و دانیشتوانی کێن؟
ھەزارە بریتییە لەناوچەیەکی سەختی شاخاوی لە ناوەڕاستی ئەفغانستان و رێژەی ١٠ – ٢٠٪ رووبەری خاکی ئەفغانستانی پێکھێناوە و نزیکەی ٣٨ملیۆن ھاوڵاتی تێیدا نیشتەجێن.
ھەندێک لە شارەزایان لەو باوەڕەدان دانیشتوانی ھەزارە لە بنەڕەتدا نەوەی جەنگیز خانن و لەسەدەی سیانزەی زاینییەوە لەو وڵاتە نیشتەجێن.
دانیشتوانی ھەزارە لە موسڵمانانی پەیڕەوکارانی شیعە مەزھەبن و بەو ھۆیەشەوە لەلایەن دەسەڵاتدارە سوننییەکانەوە پشتگوێخراون.
بەدرێژایی تێپەڕبوونی کات توشی چەندین جۆر چەوساندنەوەی ئاینی و ئابوری و ستەم لێکردن بوونەتەوە.
بۆچی بەئامانج گیراون؟
دانیشتوانی ھەزارە بەھۆکاری ئەوەی لە پەیڕەوکارانی مەزھەبی شیعەن، بەشێک لە پەیڕەوکارانی سوننە لەو باوەڕەدان شیعەکان لە ئاین دەرچوون. ئەمەش بیانو بووە بۆ چەوساندنەوەیان.
لەلایەکی دیکەوە، بەھۆکاری شیعەبوونیان، بەردەوام تۆمەتبارکراون بەوەی بەکرێگیراوی ئێرانن و سیخوڕییان بۆکردووە و بەمەش ھەژموونی ئێرانیان لەو وڵاتە زیاترکردووە.
لە ماوەی رابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ھەزارە، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە راھێنان و مەشقییان پێکراوە و لە شەڕی سوریادا بەشدارییان پێکراوە.
ساڵی رابردوو، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چەکدارانی ھەزارە پاشخانێکی باشی سەربازی و لێھاتویی تایبەتییان ھەیە.
دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا چارەنوسیان چی دەبێت؟
لە ساڵی ٢٠٠١ دوای ئەوەی کۆتایی بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیبان ھات، دانیشتوانی ھەزارە منداڵەکانیان ناردنە قوتابخانە و ژن و کچەکانیان دەستیان بەخوێندن کرد و بەشداری سیاسەتییان لە وڵاتەکەیاندا کرد.
گروپی چەکداری داعش چەندین جار ھێرشییان کردووەتە سەر نەخۆشخانە و قوتابخانە و دامەزراوەکانیان و سەدانیان لێ کوشتوون.
لە بیست ساڵی رابردوودا، لە سەر دەستی بزوتنەوەی تاڵیبان، لەگەڵ تێکشکاندنی پەیکەرەکانی بودا، پەیکەری رابەری دانیشتوانی ھەزارەش تێکشکێنرا.
لە ئێستادا گەڕانەوەی بزوتنەوەکە بۆ دەسەڵات جارێکی دیکە ترس و نیگەرانی لای دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دروستبووەتەوە.

 













گەلەری