سەردێڕ:

نرخی زێر بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

PM:06:03:04/04/2023

35180 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوی زێڕەنگەرەکانی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکەکانی ئەمریکا نرخی زێر لە جیهاندا بەرزبووەتەوە و بۆ هەر کیلۆیەک زێڕ هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوکات، لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی یەک ئۆنسە زێر بە دوو هەزار و ٢٥ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.


دلێر تاهیر لێپرسراوی زێڕەنگەرەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، تا بەیانی ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری هەیە، چونکە ئەمڕۆ ئوسترالیا و ئەمریکا جاریکی دیکە سوودی بانکیان بەرزکردەوە.

وتیشی، لە ئێستادا لە هەر کیلۆیەک زێڕ هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە و بەوەش هەر مسقاڵێک زێڕی عەیارە ٢١ بە ٢٨٤ دۆلارە و لە کاتێکدا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهای ئەو مسقاڵە بە ٢٧٨ دۆلار بووە.

بەگوێرەی پێنوێنە جیهانییەکان بەهای ئۆنسەیەک زێڕ بە دوو هەزار و ٢٥ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەوەش بەرزترین ئاستی ماوەی دوو ساڵی رابردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، بەهای ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە سەروو دوو هەزار دۆلار لە کاتێکدا بەیانی ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە ١٩٧٨ دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە و بەوەش هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی ٤٠ دۆلار بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ لە کاتێکدایە بانکی ناوەندی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی ٢٥ خاڵ بەرزکردەوە و ئەوەش سەرەڕای ئەوەی بازرگانان دۆخی دراویان لە ئەمریکا بە دۆخێکی مەترسیدار دانا.




گۆران لوقمان - سلێمانی












گەلەری