سەردێڕ:

سودانی: گۆڕینی نرخی دۆلار داواکارییەکی بنەڕەتییە

PM:07:24:03/04/2023

3696 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، گۆڕینی نرخی دۆلار داواکارییەکی بنەڕەتییە کە رێککەوتنی پێشووی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە خۆی دەگرێت. دەشڵێت، "سەرجەم کێشەکانی پەیوەست بە بێکاری چارەسەرکراون".


نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەم کابینە حکومییە کێشەکانی بۆ ماوەتەوە نەک خۆی دروستیان بکات، بەڵام توانیویانە سەرکەوتن لە دۆسیەی بێ کاریدا بەدەستبهێنن.

سودانی ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕینی نرخی دۆلار داواکارییەکی بنەڕەتییە کە رێککەوتنی حکومەتی فیدڕاڵی و بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکی لە خۆی گرتووە کە دەبێت رێککەوتنامەکە لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێبکرێت ئەو رێکەوتنەش لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەم کابینە نوێیەدا کۆتایی پێهاتووە.

دەشڵێت، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی بەرزی نرخی دۆلار دوو رێگایان لەبەردەمدایە یان ئەوەتا بگەڕێنەوە بۆ سەرەتا و دەست بەکارەکانیان بکەنەوە، یان بەردەوامبن لە چاکسازی.

باسی لەوەشکرد، کە هیچ چاکسازییەکی ئابوری بەدەستنایەت ئەگەر سیستمێکی دارایی و بانکی بەهێز هەبێت کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوبێت، چونکە عێراق لە کوێرە دێیەکدا ناژی کە دابڕاوبێت لە جیهان.

لەماوەی رابردوودا بەهۆی بلۆککردنی چەند بانکێکی عێراقی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، هەروەها دانانی سەکۆی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بۆ کڕینی دۆلار و حەواڵەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات و کەمکردنەوەی رێژەی خستنەبازاڕی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە بەشێوەیەک ١٠٠ دۆلار ١٧٠ هەزار دیناری تێپەڕاند.













گەلەری