دوای پەسەندکردنی ئارەزومەندانەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی ئۆپیک پلەس، بانکی گۆڵدمان ساکس پێشینیدەکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٣دا ببێتە ٩٥ دۆلار و لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ١٠٠ دۆلار بەرزبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی گۆڵدمان ساکس یاداشتنامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا شرۆڤەی بەشێک لە شرۆڤەکارانی ئابوری و دارایی بانکەکەی تێدایە ئاماژە بەوەکراوە، شرۆڤەکارانی بانکەکە پێشبینیدەکەن لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت پێنج دۆلار بەرزبێتەوە و بەمەش بگاتە ٩٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
بەردەوامدەبێت و دەگاتە ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەرزبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نرخەکان لەکاتێکدایە کە بانکەکە پێشبینی کەمکردنەوەی
بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی کردبوو لەلایەن وڵاتانی ئۆپیک پڵەس و وڵاتانی بەرهەمهێنەری
نەوت (ئۆپیک) و بەرهەمهێنەرەکانی دیکەی وەک روسیا کە هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بڕی یەک
ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی رۆژانە کەم دەکاتەوە.
لەماوەی رابردووشدا، نرخی نەوتی
خاوی برێنت بەرزترین ئاستی تۆمارکرد و گەیشتە نزیکەی ٨٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ئەوەش
لەدوای راگەیاندنی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت هات لەلایەن رێکخراوی ئۆپیک
پڵەسەوە.
لایخۆیەوە بانکی گۆڵدمان ساکس ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمکردنەوەی نوێی
ئارەزومەندانەی بڕی بەرهەمنهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە دەتوانرێت جێبەجێ
بکرێت بەبێ ئەوەی زیان بە بازاڕی نەوتی رێکخراوەکە بگات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم هەنگاوە لەناکاوە رێکخراوەکە رەنگدانەوەی رەچاوکردنی
گرنگی ئابوری و سیاسییە لەو ئەگەرانەی پێشبینیدەکرێن رووبدەن.
راپۆرتەکانی بانکەکە باس لەوەدەکەن، کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنان لەوانەیە
ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ بەرێژەی ٧٪ کەتێیدا داهاتی وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس
بەرز دەبێتەوە.
دەشڵێت، بڕیاری ئۆپیک پڵەس دوای ئەوە هات کە ئەمریکا و فەرەنسا ئازادکردنی
پشکەکانیان لە یەدەگی ستراتیجیی نەوتی خۆیان راگەیاند.
هاوکات، رەتکردنەوەی دووبارە پڕکردنەوەی کۆگا یەدەگە ستراتیجییەکانی نەوتی
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەهۆی گەیشتنی نەوتی خاوی تەکساسەوەیە بە ئاستێکی نزم.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ هەریەک لە عێراق و سعودییە و ئیماڕات و کوێت و
عومان و جەزائیر و روسیا و کازاخستان؛ بە ئامانجی سەقامگیرکردنی نرخی نەوت و
پاراستنی هاوسەنگی خستنەڕوو و خواست لەسەر نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بڕی بەرهەمهێنانی
رۆژانەی نەوتییان کەمکردەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بڕیاریانداوە
بە کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت بەشێوەیەکی خۆویستانە. ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژانە بە
بڕی ٢١١ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکەنەوە و بڕیارکەش لە سەرەتای مانگی
ئایارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات، ماڵپەری سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، بە گوێرەی زانیارییەکان
وەزارەتی وزەی سعودییە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوەی داوە بە ڕێژەی
٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە و ئەو بڕیارەش لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی
سالێ ٢٠٢٣ جێبەجێدەکات.
لەوبارەیەشەوە، سەهیل محەمەد وەزیری وزە و ژێرخانی ئابوری ئیماڕات ئاماژەی
بەوەدا، بەهەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک ئیماڕاتیش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت
بە رێژەی ١٤٤ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمدەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەلیکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆکوەزیرانی روسیا رایگەیاند،
بڕیاریان داوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەیان بە رێژەی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە
تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کەمبکەنەوە.
جگە لەوانیش، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک هەریەکە لە وڵاتانی
جەزائیر و عومان و کوێت بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان داوە.
پێشتر، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی
بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل.