سەردێڕ:

وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و روسیا ئاشکرا کرا

PM:11:56:02/04/2023

4796 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی بابەتی دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسەکەیان تاوتوێ کردووە، کە روسیا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا دەستگیرکرا.


وەزارەتی دەرەوەی روسیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆسیەی دەستگیرکردنی "ئیڤان گیرشکوفیتش"یان تاوتوێ کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنتۆنی بلینکن ئاشکرای کردووە پێویستە رێزی بڕیارەکانی روسیا بگیرێت لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنوسە ئەمریکییە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتەکەی.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە لەبارەی ئەم دۆسییەوە رێگە نەدرێت بەرپرسانی ئەمریکی و رۆژئاوایی و میدیاکانیان بە مەبەستی بە سیاسیکردنی دۆسییەکە پشێوی بنێنەوە.

لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئیڤان گیرشکوفیتش لە ژێر ناونیشانی پیشەی رۆژنامەنوسییەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی بووە کە پەیوەست بوون بە نهێنییەکانی دەوڵەتی روسیاوە.

دەشڵێت، دوای دەستگیرکردنەکەشی دەستبەجێ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مۆسکۆ لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە، دادگاش چارەنووسی یەکلایی دەکاتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئەمریکا لەبارەی هێنانەکایەی کەشێک کە تیایدا نێردە دبلۆماسییەکان بتوانن بە ئاسانی ئەرکەکانی خۆیان راپەڕێنن گفتوگۆیان کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٣ی ٣ی ٢٠٢٣ رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەستگیرکردنی ئیڤان گیرشکوفیتشی پەیامنێری بەتۆمەتی سیخوڕیکردن لەلایەن دەزگای ئاسایشی فیدراڵی کە گەورەترین دەزگای ئەمنی نیشتیمانیی و روبەڕووبوونەوەی سیخوڕییە لە روسیادا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "کارێکی سەیر و جێگای سەرنجە ".

لەلایەن خۆیەوە، حکومەتی روسیا رایگەیاند، ئەو پەیامنێرە فەرمانەکانی ئەمریکای جێبەجێکردووە و زانیاری لەسەر چالاکییەکانی یەکێک لە کۆمپانیاکانی تایبەت بە کۆمەڵگەی پیشەسازی و سەربازی روسیا کۆکردووەتەوە و ئەوەش نهێنی تایبەت بە دەوڵەتە.

دوابەدوای ئەمەش، کارین جان بییر وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، پێویستە ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییانەی لە روسیا نیشتەجێن یان گەشتیان بۆ ئەو وڵاتە کردووە دەستبەجێ روسیا بەجێبهێڵن و پێویستە وڵامی ئاگادارکردنەوەی وڵاتەکەیان بدەنەوە.













گەلەری