سەردێڕ:

دوای سێ رۆژ لە رووداوی بوومەلەرزەکە؛ ئاماری گیانلەدەستدانەکان گەیشتووەتە نزیکی ١٦ هەزار کەس

AM:10:37:09/02/2023

5708 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا و باکور و رۆژئاوای کوردستان بەرزبووەتەوە و بەهۆی بوومەلەرزەکەوە نزیکەی ١٦ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٨ هەزار کەسیش برینداربوون. هاوکات تاوەکو ئێستا هەزار و ١١٧ پاشەلەرزەی دیکە تۆمارکراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای سێ رۆژ لە روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز کە چەند ناوچەیەکی تورکیا و سوریا و بەشێکی باکور و رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدانەکان بەرزتربووەتەوە و گەیشتووەتە ١٥ هەزار و ٨٩٩ کەس و ٦٧ هەزار و ٩١٤ کەسیش برینداربوون.

ئامارەکان ئەوە دەردەخەن لە باکوری کوردستان و تورکیادا ١٢ هەزار و ٣٩١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٢ هەزار و ٩١٤ کەسیش برینداربوون و توانراوە هەشت هەزار کەس رزگار بکرێت. هاوکات بەهۆی بوومەلەرزەکەوە شەش هەزار و ٤٤٤ باڵەخانە داڕماون.

لە رۆژئاوای کوردستان و سوریاش ژمارەی گیانلەدەستدانەکان سێ هەزار و ٥٠٨ کەسی تێپەڕاندووە و بریندارەکانیش گەیشتووەتە پێنج هەزار کەس. هاوکات بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی رووخانی تەواوەتی ٣٧٥ باڵەخانە و لە دوای بوومەلەرزەکەوە ٣٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون.

لەدوای بومەلەرزەکەوە تاوەکو ئێستا هەزار و ١١٧ پاشەلەرزەی دیکە تۆمارکراون، کە بەشێکیان گوڕەکانیان سەروو چوار بۆ پێنج پلەی رێختەر بووە.

لەلایەکی دیکەوە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، هەندێ ناوچەی سووریا هەیە تا ئێستا تیمی رزگارکردنی پێنەگەیشتووە.

بەرەبەیانی ٦ی شوبات دوو بوومەلەرزەی بەهێز کە چەقەکەیان پارێزگای مەڕەشی باکوری کوردستان بوو بە گووڕی ٧.٨ پلەی رێختەر و دووەمیان ٧.٥ پلە؛ باکوور و رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی تورکیا و سوریای هەژاند و زیانێکی گیانی و ماددی زۆر گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا.
کـ.کـ
هـ.ئـ













گەلەری