سەردێڕ:

لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان؛ سەپاندنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران زیادی کردووە

PM:05:05:02/12/2022

3536 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ بەردەوامبوون و پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی ئێران، سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بەشێوەیەکی بەرچاو لەو وڵاتە زیادی کردووە.


رۆژی ٢٩ی ١٠ی ٢٠٢٣، یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان بەناوی "محەمەد قوبادلو" لە دادگای ئینقلابی شاری تاران دادگایی کرا و بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی گێرەشێوێنی" سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا. ئەم بڕیارەی دادگا نیگەرانی و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

رۆژی ٢٠ی ١١ی ٢٠٢٣، ئاژانسی هەواڵی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە کە لە شاری تاران، سزای لە سێدارەدان بۆ پێنج کەس دەرکراوە.

هەر هەمان رۆژ ئاژانسی میزان هەواڵی دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەستبەسەرکراوێکی خۆپیشاندانەکانی تاران بڵاوکردەوە، ئەم کەسەش کە ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، بووە شەشەم کەس کە تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا بە تۆمەتی "دژایەتیکردنی حکومەت" لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆدەرکراوە.

رۆژی ٢٩ی ١١ی ٢٠٢٣ لە دادگای ئینقلابی مەشهەد، دادگایی "مەجید رەزا رەهنەڤەرد" بەڕێوەچوو کە تۆمەتبارە بە کوشتنی دوو ئەندامی بەسیج، بە بڕیاری دادگاش بە تاوانی "دژایەتی کردنی حکومەت" سزای لەسێدارەدان بۆ رەهنەڤەرد، دەرکرا.

هاوکات، رۆژی ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٣، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاشکرا یکرد کە دیوانی باڵا سزای لەسێدارەدانی بۆ چوار هاوڵاتی ئێرانی دەرکردووە کە لە مانگی حوزەیراندا دەستبەسەر کراون و بە هەماهەنگییکردن لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار کرابوون.

بەم شێوەیەش لە ماوەیەکی کەمدا لە ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ ١١ کەس دەرکراوە.

لە چوارچێوەی کاردانەوەکان بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان و نیگەرانییەکان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، "کەمپینی چالاکوانانی بەلوچ" هەواڵی لەسێدارەدانی حەوت هاوڵاتی بەلوچی لە زیندانەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران راگەیاند و ناسنامەی چوار لەو کەسانەشی ئاشکرا کرد.

هەرچەندە راگەیاندنەکانی نزیک لە حکومەتی تاران تاوانی بەشێک لە لەسێدارەدراوەکانی بە "ماددەی هۆشبەر" و "کوشتن" ناوبردبوو، بەڵام لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن زیادبوونی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان لە ئێستادا بە "سەرکوتکردنی نەیارانی حکومەت" ناودەبەن و پێیانوایە کە حکومەت دەیەوێت لەم رێگەیەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات.

هەروەها، جاوید رەحمان لە راپۆرتێکیدا تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئێران ئاشکرای کرد، هەڵمەتێکی نوێی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەرامبەر نەیارانی حکومەت لە ئێران دەسیپێکردووە.

بەگوێرەی هەواڵ و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ژمارەیەکی زۆر سزای لەسێدارەدان دەرکراوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی قوڵتر کردووەتەوە.

هەروەها، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی سزای لەسێدارەدان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەردەبڕن.

ئەمە لەکاتێکدایە، زیتر لە دوو مانگ لەمەو بەر ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ کە کچە چالاکوانێکی کوردستانی رۆژهەڵاتبوو لە شاری تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە بە تۆمەتی نەپۆشینی جلوبەرگی ئیسلامی دەستگیرکراو و دواتر بەشێوەیەکی چاويڕواننەکراو گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و دوای سێ رۆژ گیانی لەدەستدا و هێزە ئەمنییەکان بڵاویانکردەوە کە ژینا بەهۆی چەڵدەوە گیانی لەدەستداوە. لە بەرامبەریشدا بنەماڵەکەی رەتیانکردەوە ژینا هیچ خۆرە نەخۆشییەکی لەگەڵدابووبێت، بەڵکو بەهۆی ئەشکەنجدان و لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەستداوە. ئەمەش بووەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر شارە گەورەکانی دیکەی ئێرانیشی گرتەوە کە تا ئێستا بەردەوامە.













گەلەری