سەردێڕ:

داعشەکانی خۆراسان کێن؟

PM:03:57:27/08/2021

7120 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی چەکداری داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی نزیک فڕۆکەخانەی حامید کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان راگەیاند. داعشی خۆراسان کێن؟


دامەزراندنی گروپەکە بە گوێرەی رۆژنامەی نیۆرک پۆست، بۆ یەکەمجار لەساڵی ٢٠١٥ گروپی چەکداری داعش لە عێراق و سوریا دامەزرا و هەمان ساڵ گروپەکە لە ئەفغانستان ناوێکی کۆنی ئاسیای ناوەڕاستی لە خۆینا و لەو کاتەوە سەرکردەکانی داعشی خۆراسان پشتیوانیان لەلایەن سەرکردەکانی گروپەکەوە لە سوریا و عێراقەوە لێدەکرێت.

سەرکردەکانی و پێکهاتەی گروپەکە

دوای دامەزراندنی گروپی چەکداری داعش لەسەر دەستی ئەبوبەکر بەغدادی، حافز سەعید خان، چەکدارێکی پێشووتری بزونتەوەی تاڵیبانی لقی پاکستان، لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ژمارەیەک لە چەکدارانی دیکەی بزوتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بەیعەتیاندا بە ئەبوبەکر بەغدادی و بووبە ئەمیری گروپی داعشی خۆراسان و عەبدوڕڕەئوف کازم، سەرکردەیەکی پێشووتری بزوتنەوەی تاڵیبان پۆستی جێگری سەعید خانی گرتە دەست.

گروپی چەکداری داعشی خۆراسان، پێکهاتووە لە کۆمەڵێک گروپی چەکداری جیابووەوە لە تاڵیبان، وەک چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان و کۆمەڵەی سەربازی ئیسلام و تۆڕی حەققانی لە ئەفغانستان و کۆمەڵەی دەعوە و بزونتەوەیەکی چەکداری لە ئۆزبەکستان.

ساڵی ٢٠١٥ حافز سەعید خان سەرۆکی گروپی چەکداری داعشی خۆراسان و ٣٠ چەکداری دیکە لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە ویلایەتی خۆراسان کوژران.

عەبدولحەسیب بەسەرۆکی گروپەکە دەستنیشان کراو ئەویش دواتر لە ساڵی ٢٠١٧ لە ویلایەتی نەنگەهار لە خۆرهەڵاتی ئەفغانستان لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای ئەفغانستان کوژرا.

دواتر ئەبو سەید بەشوێنگرەوەی عەبدولحەسیب دانراو و دوای دوومانگ لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ویلایەتی کۆنار لەگەڵ چەند چەکدارێکی دیکەی ئەو گروپە کوژران.

لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە کەسێک بەناوی "شابولموهاجیر" کە "سەنائوڵا"شی پێدەوترێت، بە سەرۆکی گروپەکە دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی ئەسلەم فاروقی سەرۆکی پێشووی گروپەکە لەسەر دەستی سوپای ئەفغانستان کوژرا.

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، شابولموهاجیر پێشتر سەرکردەبووە لە گروپی چەکداری تۆڕی حەققانی.

پەیوەندی داعش و تاڵیبان

ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەری ئەمریکی بڵاویکردەوە، دەوڵەتی ئیسلامی لە خۆراسان "داعشی خۆراسان"، لقێکە لە گروپی چەکداری دەوڵەتی ئسلامی لە عێراق و شام "داعش" و چالاکییەکانی لە ئەفغانستان ئەنجامدەدات و هەر لەکاتی دامەزراندنییەوە تاڵیبان بە هەڵگەڕاوە لە ئاین و دوژمنی خۆی دەزانێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی توێژنەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٨، دوای ئەوەی گروپەکە لە عێراق و سوریا شکستیهێنا، بەشێوەیەکی بەرچاو داعش گرنگییەکی زیاتری بە ئەفغانستاندا وەک بنکەی سەرەکی بۆ خیلافەتە جیهانیەکەی.

ژمارەی چەکدارانی گروپەکە

بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لەمانگی حوزەیرانی رابردوودا بڵاویکردەوە، شەهاب موهاجیر، رابەری لقی داعشی خۆراسانە و گروپەکەش نزیکەی هەزار و ٥٠٠ چەکدار بۆ دوو هەزار چەکداری هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، گروپەکە بەشێوەی شانەی چەکداری سەربەخۆ لەناوچە جیاجیاکاندا چالاکییەکانییان ئەنجامدەدەن، بەڵام لەڕوی ئایدۆلۆجییەوە هەموویان خاوەنی یەک ئایدۆلۆجیان.

راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠ گروپی چەکداری داعش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا مەترسی و هەڕەشەن لەسەر ناوچەکە.

چالاکییەکانی گروپەکە

گروپی چەکداری داعشی خۆراسان، بەگروپێکی توندڕەو و چالاکییەکانیان بە خوێناویترین چالاکی داعش ناسراون.

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان لەساڵی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی هێرشێکی گروپەکە بۆ سەر نەخۆشخانەیەک کە کۆمەڵەی پزیشکانی بێ سنور سەر پەرشتیدەکرد، ١٦ کەسیان سەربڕی کە لەنێویاندا منداڵێکی شیرەخۆرەی تۆێدابوو. هاوکات، هەمان ساڵ چەکدارانی گروپەکە هێرشیان کردە سەر زانکۆی کابوڵ و لە ئەنجامدا ٢٢ کەس کوژران.

لەچالاکییەکی دیکەی گروپەکەدا، بە ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو هێرشیان کردە سەر قوتابخانەیەکی کچان لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و لە ئەنجامدا ٤٠ کەس لە هێرشەکەدا کوژران.

راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی چالاکییەکانی گروپەکەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، لە چاور مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا گروپەکە ٧٧ هێرشی چەکداری لە ئەفغانستان ئەنجامداوە، لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠٢٠دا تەنها ٢١ هێرشی ئەنجامداوە.

ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەر لە زاری جینیفەر کاڤاریلا، توێژەر لە پەیمانگای توێژینەوەی جەنگ بڵاویکردەوە، گروپەکە بە ئامانجی پێقایمکردنی خۆی لە ئەفغانستان و دۆزینەوەی پەناگەیەک بۆ خۆی، گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر جیهان.

دەشڵێت، بە ئامانجی شکستپێهێنانی تاڵیبان، رەوایەتی بە هێرشەکانی دەدات و ئەو بزوتنەوەیە بە دوژمنی سەرەکی خۆی دادەنێت. گروپەکە بەردەوامە لە چەکدارکردنی زیاتری ئەندامەکانی و بڵاوکردنەوەی بانگەشە دژی تاڵیبان.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، دوو خۆکوژ لەناو قەرەباڵغی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ، دوو خۆکوژ خۆیان تەقاندەوە و بەهۆیەوەنزیکەی ١٠٠ کەس کوژران کە لەناویاندا ٢٨ چەکداری بزوتنەوەی تاڵیبان و ١٣ سەربازی ئەمریکی هەبوون و ١٨ سەربازی دیکەی ئەمریکی برینداربوون. دوا بەدوای رووداوەکەش رێکخراوی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سقریا "داعش" بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکان راگەیاند.

 

کامەران ئەحمەد













گەلەری