PM:10:58:17/10/2022
11640 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ ئەمساڵ بە ١٠٢ هەزار و ٥٠٠ دینار دیاریکراوە. بە وتەی وەزارەتەکەش ٪٦٥ی ئەو نرخە لەسەر حکومەتی هەرێم کەوتووە. ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان راگەیاندراوێکی لەبارەی نرخی نەوتەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، لە ٢٠ی ئەم مانگەوە دەست بەدابەشكرنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان دەکەن و هەر خێزانێک ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی واتە یەک بەرمیل نەوت بە نرخی ١٠٠ هەزار دینار پێ وەردەگرێت.
بەپێی وەزارەتی سامانە
سروشتییەکان، ئەو نرخە بەرێژەی لە ٦٥% لەلایەن حكومەتەوە پاڵپشتیكراوە و هاوڵاتی لە
٣٥٪ی نرخەکەی کەوتووەتەسەر کە ١٠٠ هەزار دینارە.
وەزارەتەکە دەشڵێت، "هەر
كاتێكیش حکومەتی فیدراڵ نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێریت، بەو نرخە دەدرێتە
هاوڵاتیان کە لەلايەن حكومەتى فيدراڵەوە دیاری دەکرێت."
ئەوەش لە کاتێکدایە،
ساڵانی رابردوو هاوڵاتییانی هەرێم یەک بەرمیل نەوتیان لەلایەن حکومەت و لەرێگای
فۆڕمی خۆراکەوە بە ٥٠ هەزار دینار وەردەگرت، بەڵام ئەمساڵ نرخەکەی بووە بە دوو
هێندە و ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە و باس لەوەدەکەن، نرخەکەی
گرانە و بژێوی ژیانیش سەخت بووە. ئەوە سەرەڕای گلەیی ئەوەی لەگەڵ هاتنی وەرزی
سەرمادا کارەبای نیشتیمانی کەمدەبێتەوە و زیاتر کارەبای مۆلیدە دەدرێتە هاوڵاتییان،
کە ئەوەش وەک بەسێکی هاوڵاتییان باسیدەکەن، بارگرانییەکی دیکەیە و نرخی ئەمپیری کارەبای
مۆلیدە بەرزە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، هەفتەی
رابردوو نەوەی نوێ چووە لای سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەوەیش بەڵێنیدا ١٥٠ ملیۆن لیتر
نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
هـ.ئـ