سەردێڕ:

نرخی نەوتی سپی ماڵان کە لە رێگای فۆڕمی خۆراکەوە دابەشدەکرێت چەندە؟

PM:09:29:17/10/2022

4524 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لە هەریەکە لە قەزای چۆمان و ناحیەی حاجی ئۆمەران و هەریەک لە گەڵاڵە و قەسرێ و سێمێلان، هاوڵاتیان ئاگادار کراونەتەوە بەوەی نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ١٠٢ هەزار و ٥٠٠ دینار دیاریکراوە. ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە.


لەوبارەیەوە سوارە ئەکرەم قائیمقامی قەزایی چۆمان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "نرخەکە بەو شێوەیە دیاری کراوە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت ١٠٢ هەزار و ٥٠٠ دینار لە هاوڵاتی وەردەگیرێت."

لەلایەکی دیکەشەوە عەبدولوەهاب مەحمود بەرێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاکو ئێستا ھیچ و رێنماییەک بۆ دابەشکردنی نەوت و نرخەکەی بۆ ئەوان نەچووە و ھیچ شتێکی فەرمیان پێنەگەیشتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی قەسرێ رایگەیاند، "بریکارەکانی خۆراک لە سنورەکەمان ئاگادار دەکەینەوە، وەرگرتنی نەوتی سپی لەسەر لیستی مانگی ٩ دەبێت و بۆ یەک بەرمیل نەوت بڕی ١٠٢ هەزار و ٥٠٠ دینار دیاریکراوە،بە مەبەستی دابەشکردنی نەوت پارەکە وەردەگیرێت. کە بڕی ١٥٠٠ بۆ بریکاری خۆراکە."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لەماوەی رابردوودا عێراق بڕیاریدا بەوەی نەوتی سپی ماڵان بۆ هاوڵاتییانی هەرێم بنێرێت و نرخەکەی ٣٠ هەزار دینار بێت، بەڵام لەدوای گەیشتنی نەوتەکە بە هەرێم، لە هەرێم بە زیاتر لە ١٠٢ هەزار دینار دەدرێتە هاوڵاتی. کە ئەوەش ناڕەزایەتی زۆری هاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە و باس لەوەدەکەن، کە ئەو نرخە زۆرە و دوو هێندەی ساانی رابردووە، لە کاتێکدا سەرجەم کەرستە و پێداویستی و خۆراکەکانی دیکە نرخیان گران بووە.

لە رۆژی ١٠ی ئەم مانگەدا، لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ، موستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بریاریدا ١٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. کە بەپێی ئەو داواکارییەش، هەموو ماڵێک لە هەرێم لەم وەرزی زستانەدا بەرمیلێک نەوت وەردەگرێت.

گرانی نرخی نەوت لە هەرێمدا ناڕەزایەتی زۆری لای هاوڵاتیان دروستکردووە و لە ئێستاشدا یەک بەرمیل نەوتی سپی بەبێ پسوڵەی دابەشکردنی خۆراک و ئەگەر هاوڵاتیی بیەوێت خۆی بیکڕێت، زیاترە لە ٢٥٠ هەزار دینار.
کەریم کەیفی، سۆران
ئومێد چۆمانی، هەولێر
هـ.ئـ













گەلەری