سەردێڕ:

ئێران ڤیزای لەسەر هاوڵاتییانی عێراق هەڵگرت

PM:09:02:17/10/2022

26520 جار خوێندراوەتەوە

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان رایگەیاند، ئێران بڕیاریداوە ڤیزا لەسەر هاوڵاتییانی عێراق هەڵبگرێت و لە ئێستادا هاوڵاتییان دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشتی ئێران بکەن.


عەباس ئیسماعیل سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان رایگەیاند، کە بەرپرسانی ئێران باسیان لەوەکردووە، کۆمارەکە بڕیاریداوە لەمڕۆ ١٧ی تشرینی یەکەمەوە، ڤیزا لەسەر هاوڵاتییانی عێراق هەڵبگرێت.

باسی لەوەشکرد، ئەم بڕیارە ئەو شۆفێرانەش دەگرێتەوە، کە لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە بە تانکەر پاشماوەی نەوت بۆ وڵاتی ئێران دەگوازنەوە.

لەوبارەیەشەوە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاگاداری هاوڵاتیان و گەشتیارانی کردووەتەوە، لە ئێستادا بەبێ ڤیزا و تەنها بە مەرجی هەبوونی پاسپۆرت (٢٤) کاتژمێر لە بنکەی نشینگەی پەروێزخان مامەڵەی ئەوهاوڵاتی و گەشتیارانە ڕایی دەکرێت، کە دەیانەوێت لەڕێگەی دەروازەکەوە سەردانی وڵاتی ئێران بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا مەرجەکانی گەشتکردن بۆ ئێران راگەیاندرابوو، کە گەشتیار یان دەبێت کارتی ڤاکسینی کۆرۆنای هەبێت و دوو ژەم ڤاکسینی لەخۆیدابێت، یانیش پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە ٧٢ کاتژمێری بەسەردا تێنەپەڕیبێت.
هـ.ئـ













گەلەری