سەردێڕ:

سودانی: حکومەت پێداگیردەبێت لەسەر بەردەوامی گفتوگۆکان

PM:02:24:17/10/2022

1352 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق رایگەیاند، حکومەت لەناو پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمانیش بەردەوامدەبێت لە گفتوگۆکان. دەشڵێت، "هەوڵدەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان".


ئەمڕۆ دووشەممە، نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سودانی پێشوازی کرد لە ئالینا رۆمانوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە دیدارەکەدا محەمەد سودانی و رۆمانوسکی لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکایان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و رێگەکانی گەشەپێدانیان تاوتوێ کردووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە لە قۆناغی داهاتوودا کردووە.

راگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، سودانی رۆمانوسکی باسیان لە باشترکردنی کارکردنی پێکەوەیی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا لە کایە جیاوازەکانی ئابوری و پەروەردە و کەلتوری و سیاسی و دۆسییەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و دۆسیەی ئەمنی لە پێشکەشکردنی راوێژکاری و هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە.

لەبەرامبەردا، ئالیان رۆمانوسکی باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی عێراق و سەروەری دەوڵەت و ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتنی دەربڕی.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا ئامادەیە هاوکاری پێشکەشی عێراق بکات بۆ رووبەڕوونەوەی گەندەڵی.

باڵیۆزی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەمریکا خوازیارە بەردەوامبێت لەگەڵ ئەمریکا بۆ تێکشکاندنی داعش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

دەشڵێت، عێراق پیکهێنەرێکی ستراتیجییە لە ناوچەکەدا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو پێشوازی لە جنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کرد و جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کارنامەی حکومەتەکەی سەرنج دەخاتە سەر چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە پەرۆشەوە گوێ بۆ گەنجان دەگرێت و گرنگی بە دۆسییەی رەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمینەکان دەدات.

لەسەر ئاستی دەرەکیش، سودانی ئاشکرای کردووە، حکومەتی داهاتوو کاردەکات بە ئامانجی پەیوەندییە دەرەکییەکان بەشێوەیەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش کە سەروەری عێراق دەپارێزێت.













گەلەری