بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، کۆگای قوتابخانەی بەردەکەڕ لە تانجەرۆی سلێمانی ئاگریگرتووە بەهۆی ئەوەی حکومەت لەبری نەوت بەنزینی داوە پێیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە سێ کەس سوتاون کە مامۆستایەک و کارگوزارێک و کارمەندێکی دابەشکاری سوتەمەنییەکە بوون.
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، کە
پێیان راگەیاندوون بەشە نەوتی قوتابخانەکەیان وەرگرتووە و ئەو مامۆستایەی کە
بریندارە یاریدەردەری بەڕێوەبەرە و هەڵساوە بە بەجێگەیاندنی بەتاڵکردنی ئەوەی
پێیان وتراوە نەوتە و دوای وەرگرتنی چەند دەبەیک لەماوەیەکی کەمتدا تەقیوەتەوە.
باسی لەوەشکردووە، ئەوەی بۆ ئەوان نێردراوە ١٠٠٪ بەنزین بووە و نەوت نەبووە
و بە زەبری ئاو و بە کۆمەڵ دوای نزیکەی ١٥ خولەک ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
لەبارەی بریندارەکانیشەوە، باسی لەوەکرد کە دۆخی تەندروستی مامۆستا و کارگوارەکە
باشە بەڵام ئەو کارمەندەی لیژنەی دابەشکاری سوتەمەنی برینەکەی کەمێک سەختە.
هاوکات، باسی لەوەشکرد، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی دیکەشەوە پێیان
راگەیندراوە کە ئەوەی ئەمڕۆ بەدەستیان گەیشتووە بەکاری نەهێنن بەهۆی ئەوەی نەوت
نییە و بەنزینە.
باوکی خوێندکارێک باسی لەوەکرد، کە دۆخی دەروونی منداڵەکی باش نییە و دەشڵێت،
ناکرێت سەلامەتی ٣٥ مامۆستا و نزیکەی ٧٠٠ خوێندکار بخرێتە مەترسییەوە و پێویستە
بابەتەکە رێچکەی یاسایی بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوە بکرێت و ئەوەی کەمتەرخەم بووە سزا
بدرێت.
وتیشی، "کچەکەم شەکرەکەی بۆ نزیکەی ٤٠٠ بەرزبووەتەوە و دایکی
بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە."
کارزان تاریق، سلێمانی
ل.ل