سەردێڕ:

کەشناسی وادەی دابەزینی پلەکانی گەرمای ئاشکراکرد

AM:09:29:17/10/2022

29956 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە پلەکانی گەرما دەست بە دابەزین دەکەن و دەشڵێت، "عێراق توانای دروستکردنی بارانی دەستکردنی هەیە لە ئەگەری نەبارینی باران."


عامر جابری وتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی کەشناسی عێراق بە ئاژانسی فەرمی وڵاتی رایگەیاند، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە تاوەکو ئێستا پلەکانی گەرما لە عێراقدا بەرزن و لە هەندێک پارێزگاش دەگاتە ٤١ پلە.

ئەوەشی خستەڕوو دابەزینی پلەکانی گەرما لە مانگی ١١ـەوە دەست پێدەکات و باران بارین لە سووکەوە بۆ مامناوەندە و تا مانگی ٢ـی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ گۆرانکارییەکیان لە پلەکانی گەرمادا تۆمارنەکردووە.

لەبارەی هۆکارەکانی بەرزی پلەکانی گەرمی ئاشکرایکرد، بەهۆی کەمی بارانبارینی وەرزی رابردوو و سەرەتای ئەم وەرزە و وشکبوونی رووبارەکان و ناسکی خاک و نەبوونی پشتێنەی سەوز بەرزی پلەکانی گەرما لە عێراق بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا هیچ پێشبینییەکیان نیە لەبارەی بارینی باران و دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی شەپۆلەکانی سەرما لە چەند رۆژی داهاتوودا دەشڵێت، " وڵاتانی خەلیج پەنایان بۆ بارانی دەستکرد بردووە و عێراقیش توانای بارینی دەستکردی هەیە."

وتیشی، "بارانی دەستکرد پێویستی بە کەشووهەوایەکی دیاریکراو و لەبار هەیە و دەبێت لە وەرزی زستاندا ئەنجامدرێت و کاتی نەهاتووە."














گەلەری