سەردێڕ:

چوار کەسی دیکە لە بریندارەکانی زیندانەکەی تاران گیانیانلەدەستداوە

AM:08:59:17/10/2022

4056 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، چوار کەسی دیکە لە بریندارانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی زیندانی ئەوین لە تارانی پایتەختی ئێران و رووبەڕووبوونەوەی زیندانیان و چاودێرەکانی زیندان، گیانیانلەدەستداوە و بەمەش تا ئێستا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.


بەگوێرەی راپۆرتێکی میدیا ئیسنای فەرمی ئێرانی، بەشێک لەو زیندانیکراوانەی زیندانی ئەوین کە بەهۆی رووبەڕووبوونەوەکانی رۆژی شەممە برینداربوون، بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیر بووە و ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، ئاماژە بەوەشکراوە تا ئێستا بەهۆی رووداوەکەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و  شەش کەس کە بریندارن لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

لە کۆتایی راپۆرتەکەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ناسنامەی کوژراوەکانی ئاشکرا نەکردووە بەڵام ئاماژەی بەوەداوە بەکەسوکاریان ئاگادار کراوەتەوە و بە دوای فەرمانی دادگا ناوەکانیان بە ئاشکرا بڵاودەکرێتەوە."

ئەمە لەکاتێکدایە، میدیای فه‌رمی ئێران (ئێرنا) بڵاویکردەوە، شەوی شەممە زیندانی ئەوین گڕی گرتووە و به‌هۆی شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ش لەنێوان ژماره‌یه‌ك زیندانی گرتووخانه‌کە و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی گرتووخانه‌كه‌، هه‌شت كه‌س برینداربوون.

له‌باره‌ی هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌کەوە ئاماژە بەوە کراوە، زیندانییه‌كان هەوڵیان داوە زیندانەکە بشکێنن، بەو هۆیەوە رووبەڕووبوونەوە روویداوە و بەشێکی زیندانەکە ئاگری گرتووە.

زیندانی ئەوین لە تاران گەورەترین زیندانی ئێرانە و بەشێک لە به‌ناوبانگترین چالاکوان و پارێزەرانی ئێران و کەسانی دژبە دەسەڵات و چالاکوانانی سیاسی لەوێ زیندانیی کراون، کە چەندین چالاکوان و سیاسی کوردیان تێدایە.

زیندانەکە ساڵی ١٩٧١ لە سەردەمی محەممەد رەزا پەھلەوی بە مەبەستی زیندانیکردنی زیندانییانی سیاسی دروستكراوە.













گەلەری