وەزارەتی بەرگری فەرەنسا رایگەیاند، لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا بەردەوامە و نیازی راهێنانی دوو هەزار سەربازی ئۆکرانی هەیە لەسەر ئەو چەکانەی بەم دواییانە هەناردەی وڵاتەکەی کردووە.
سباستیان لیکۆرنۆ وەزیری بەرگری فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەیان بە نیازە راهێنان بە دوو هەزار سەربازی ئۆکرانی ئەنجام بدات و لە پێشتریش راهێنانی تۆپهاوێژی جۆری "هاوتزر – سیزار" بە سەربازەکانی ئۆکرانیا کراوە و دەشڵێت، "قەبارەی راهێنانەکان کەمێک زیاد دەکات."
ئاماژەی بەوەشدا، راهێنانەکان بە سێ قۆناغ
ئەنجامدەدرێت، یەکەمیان راهێنانی جەنگاوەری گشتییە و پاشان دابینکردنی پێداویستییە
لۆجستییەکانە کە بە داواکارییەک لە ئۆکرانیاوە پێیان گەیشتووە و کۆتا راهێنانیش پەیوەستە
بە راهێنان لەسەر ئەو چەکانەی لەم دواییانەدا هەناردەی ئۆکرانیا کراون.
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لە چەند رۆژی
رابردوو ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، شەش تۆپهاوێژیان لە جۆری
"هاوتزر – سیزار" و چەند سیستەمێکی رادار و مووشەکی دژە فڕۆکەیان بە دەست
ئۆکرانیا گەیاندووە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، نایانەوێت جەنگ
درێژە بخایەنێت و گرژی جەنگی جیهانی بەرپابکەن بەڵام لە هاوکارییەکانیان بۆ وڵاتی
ئۆکرانیا بەردەوام دەبن.