سەردێڕ:

تاڵیبان لە کابوڵی پایتەخت نزیکدەبێتەوە

PM:11:36:14/08/2021

7568 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، هێزە چەکدارەکانی تاڵیبان بە ئاراستەی شاری کابوڵی پایتەخت جوڵەیانکردووە و نزیکن.


ئەمڕۆشەممە، میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، هێزە چەکدارەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان تەنها ١١ کیلۆمەتر لە کابوڵی پایتەختەوە دوورن و بە ئاراستەی شارەکە جوڵەیان بەهێزەکانیان کردووە. ئەندام پەرلەمانێکی ئەفغانستانیش رایگەیاند، چەکدارانی تاڵیبان بەبێ شەڕ توانییویانە دەست بەسەر ویلایەتی دایکیندیدا بگرن و بەهەزاران هاوڵاتیش ئاوارە بوون.

ئێوارەی ئەمڕۆ، چەکدارانی تاڵیبان توانییان دەست بگرن بەسەر شاری مەزارشەریفی پایتەختی ویلایەتی بەڵخ.

ئالکومندان بیڵ ئۆربن وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێزێکی پایادەی دەریایی "مارێنز" رۆژی هەینی گەیشتوونەتە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بە ئامانجی رزگارکردنی هاوڵاتییانی ئەمریکی و پەیکە دبلۆماسییەکان.

ئێوارەی ئەمرۆش، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە بە ڕەوانەکردنی پێنج هەزار سەرباز بۆ ئەفغانستان بۆ ئاسانکاریکردنی گەڕاندنەوەی هاوڵاتییە ئەمریکییەکان و پەیکە دبلۆماتییەکانی لەو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە، هۆشداریدایە بزوتنەوەی تاڵیبان لەوەی هەر هێرشێک بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەوا بە خێراترین و بە هێزترین گورز وەڵامی دەدرێتەوە.

لە ئێستادا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کامالاهاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆبوونەوەدان.













گەلەری