سەردێڕ:

سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێم لەمساڵدا

AM:11:49:31/05/2022

2192 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاند، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بگەنە رێککەونێک ئەوا دەتوانرێت لەمساڵدا هەڵبژاردن بەرێوەبچێت چونکە ئەوان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە.


هندرێن محمد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی داهاتوودا سەردانی بەغداد دەکەن بۆ ئەوەی سوود لە کەلوپەل و سیستەمی بایۆمەتری کۆمسیۆنی عێراق ئەگەر پیویست بکات.

باسی لەوەشکردووە، ئەوان لە ئامادەکاری پێویستییان کردووە و رۆژانە رێکار و کاروباری ئیداری ئەنجامدەدەن و کەلوپەلەکانیشیان لە ئامادەباشیدان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم باسی لەوەشکردووە، ئەوان تەنها پێویستیان بە یەکلاکردنەوەی چارەنووسیانە جا بە نوێکردنەوە بێت یاخود گۆڕینیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هێشتا کات ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١ی ١٠ی ئەمساڵ ئەگەر لایەنە سیاسیەکان بگەنە رێککەوتن و کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە و دەتوانرێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.

هاوکات، رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق لەگەڵ شەش لایەنە سەرەکییەکەی هەرێم کۆبووەوە و جەختی لە گرنگی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا کردەوە و هۆشداری دایە لایەنە سیاسییەکەن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کە یەکی مانگی ١٠ی ئەمساڵە.

لای خۆشیەوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، دوای ٣١ ساڵ لە حوکمڕانی پارتی و یەکێتی ئەمە یەکەمجارە نەتەوەیەکرگرتووەکان دەیەوێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکات. دەشڵێت، "داواکارم خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە بڕوانە ئەم هەلە گرنگە."
ل.ل













گەلەری