ئیلیاس جۆڵا کەمپینی وازهێنان لە ئۆتۆمبێل رادەگەیەنێت

PM:10:52:18/10/2021

2232 جار خوێندراوەتەوە

 

هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئیلیاس جۆڵا لەگەڵ چەند هونەرمەند و هاوڵاتییەکی دیکەدا کەمپینی وازهێنان لە ئۆتۆمبێل و رۆیشتن بە پێی راگەیاندووە.

لەڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام ئیلیاس جۆڵا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا داوا دەکات هەمووان بۆ ماوەیەك واز لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بهێنن و بەپێ بچن بۆ ئەو شوێنانەی مەبەستیانە، هەرچەندە ئەگەر دووریش بێت، ئەمەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی بەنزین کە لەئێستادا نرخی گرانە و بووە بە قورساییەك لەسەر ژیانی خەڵك لە کوردستاندا.

لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: تا دەتوانن بە ئۆتۆمبێل مەچنە دەرەوە تەنها بەپێی پێویست بێت، لە کاتێکدا رۆیشتن بەپێ پێویستە و سوودێکی زیاتر بە جەستە دەبەخشێت و دەتوانن لەجیاتی چوون بۆ هۆڵەکانی لەشجوانی بەپێ رۆژانە کاتژمێرێك بۆ دوو کاتژمێر بەڕێگەدا بڕۆن تا دەگەن بەو شوێنەی دەتانەوێت.

هەروەها دەڵێت، بەم شێوەیە و بە خەباتێکی مەدەنیانە و بەبێ بەردهاوین دەتوانن فشار لەو کەسانە بکەن کە بەرپرسن لە گرانبوونی نرخی بەنزین.