بە فەرمی بەشێکی نوێی چەتەکانی دەریای کاریبی بەرهەمدەهێنرێت و جۆنی دێپ بەشداری ناکات

PM:10:50:26/03/2024

764 جار خوێندراوەتەوە

بەرهەمهێنەری زنجیرە فیلمەکە رایگەیاند، دوای حەوت ساڵ لە دوای کۆتا بەشی فیلمی "چەتەکانی دەریای کاریبی" ، زنجیرە فیلمە بەناوبانگەکەی دیزنی بە چیرۆکێکی نوێوە دەستپێدەکاتەوە، ئەگەری بەشداریکردنی جۆنی دێپیش وەک جاک سپاڕۆ زۆر مەحاڵە.

جێری برۆکهایمەری بەرهەمهێنەری زنجیرە فیلمەکانی چەتەکانی دەریای کاریبی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "کۆمیک بووک" راگەیاند: "ئێمە دەست بە فیلمەکە دەکەینەوە، بەمشێوەیە ئاسانترە بەیەکەوە ئەنجامی بدەین چونکە پێویست ناکات چاوەڕێی هەندێک ئەکتەری دیاریکراو بکەین".

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چیرۆکە نوێیەکەی فیلمەکە و ئەکتەرە بەشداربووەکانی پەیوەست بە پڕۆژەکە لەبەردەستدا نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە، برۆکهایمەر لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە رۆژنامەی سەندەی تایمزی ڕاگەیاند، جۆنی دێپ کە رۆڵی کاپتن جاک سپارۆی لە هەر پێنج فیلمەکەی پێشوودا گێڕا، پێناچێت کارەکتەرەکە دووبارە بەرجەستە بکاتەوە.

پێشتریش دوای ئەوەی لە دادگا بێتاوان دەرچوو، جۆنی دێپ رایگەیاند: "دیزنی ٣٠٠ ملیۆن دۆلاریشم بداتێ ناگەڕێمەوە بۆ رۆڵبینین لە کارەکتەری جاک سپاڕۆ".