مەترسییەکانی زۆر خەوتن لە رۆژە پشووەکاندا

PM:08:15:25/03/2024

4364 جار خوێندراوەتەوە

دکتۆر لاریسا ئەلێکسیڤا ئاماژە بەوە دەکات کە خەوتنی زیاتر لە رۆژانی پشوودا دەبێتە هۆی تێکچوونی رۆتینی رۆژانە و لەوانەیە لە داهاتوودا کێشەی تەندروستی دروست بکات.

بە وتەی ئەو، وەک لە "روسیا تودەی"دا هاتووە، لە رۆژانی ئاسایدا خەڵکێکی زۆر لە دوای نیوەشەو دەخەون، بەیانیانیش لە خەو هەڵدەستن بە یارمەتی زەنگی کاتژمێری ئاگادارکەرەوە.

ئەمەش رۆژ لە دوای رۆژ دووبارە دەبێتەوە، واتە کەسەکە درەنگ دەخەوێت و زوو لە خەو هەڵدەستێت، بێگومان هەست بە ماندوێتی و ماندووبوون دەکات، کاتێک رۆژی پشوو دێت هەوڵ دەدات قەرەبووی کەمی خەوی بکاتەوە.

بە وتەی ئەو، ئەمە دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو و کێشەی دەروونی و جەستەیی لێ دەکەوێتەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمخەوی پێویستە زوو بخەویت نەک دوای نیوەشەو.

ئەو خانمە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "ڤێچەرنای مۆسکڤا" دەڵێت: "کاتێک مرۆڤ هەوڵدەدات بە درێژایی هەفتەکە بە تەواوی بخەوێت، زۆر جار لە رۆژی پشوودا درەنگ لە خەو هەڵدەستێت و رۆژێک دواتر زوو دەچێتە سەر جێگا بۆ ئەوەی زوو لە خەو هەڵسێت"، بەڵام سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر ئەمە زۆر رووبدات، تووشی کەمخەوی و هەندێک کێشەی دەروونی دەبێت بەهۆی فشاری مێشک و کۆئەندامی دەمار کە لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکی توند لە حاڵەتەکانی هۆشیاری و پشوودان دروست دەبێت."

پزیشکەکە پێشنیاری خەوتن دەکات لە بارودۆخی گونجاودا، چونکە خەوی تەندروست پێویستی بە نەهێشتنی هەموو ئەو هۆکارانە هەیە کە رێگری لە خەوتنی باش دەکەن، تەلەفزیۆن، مۆبایلە زیرەکەکان، کۆمپیوتەر، ئامێرە رووناکەکان و ئامێری ژاوەژاو دروستکەر.

H.Y