خواردنی ئەم میوەیە لە پیربوون دەتپارێزێت

PM:08:12:25/03/2024

2748 جار خوێندراوەتەوە

پرتەقاڵ بە یەکێک لە میوە سودبەخشەکان دادەنرێت بۆ تەندروستی مرۆڤ، یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە دەیانەوێت لە کێشی زیادە رزگاریان بێت، چونکە رێژەی گلایسیمیکی کەمی هەیە و بە خێرایی جەستە تێر دەکات.

بە گوتەی شارەزایان وەک لە "روسیا تودەی"دا هاتووە، پرتەقاڵ بە گشتی سوودی هەیە و دەتوانرێت وەک خواردنی کەم لە نێوان ژەمە سەرەکییەکاندا بخورێت.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە پرتەقاڵ ریشاڵی خۆراکی بەسوود و ڤیتامین و گلوکۆزی تێدایە کە جەستە بە هێواشی هەڵیدەمژێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە بەرهەمێکی گرنگ بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی رزگاربوونیان لە کێشی زیادە هەیە. هەروەها ئەم میوەیە پێست لە کاریگەری هۆکارە دەرەکییەکان و تیشکی سەروو بنەوشەیی زیانبەخش دەپارێزێت کە ئەمەش پرۆسەی پیربوون خاو دەکاتەوە.

تایبەتمەندییە سودبەخشەکانی تری پرتەقاڵ بریتین لە پاڵپشتیکردنی دڵ و خوێنبەرەکان چونکە ڤیتامین سی و بی نۆی تێدایە، ئاستی کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێت، جگە لە بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری و بینین.

جگە لەوەش پرتەقاڵ دۆخی خوێنبەرەکان باشتر دەکات و میتابۆلیزمی چەوری باشتر دەکات چونکە ڤیتامین سی و ریشاڵی خۆراکی تێدایە، ١٠٠ گرام پرتەقاڵ نیوەی پێویستی رۆژانەی جەستە لە ڤیتامین سی لەخۆدەگرێت.

بەڵام لە هەمان کاتدا پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی پرتەقاڵ زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، بۆ نموونە لە حاڵەتی هەوکردنی گەدە و برینی گەدە و تێکچوونی کارکردنی ریخۆڵەدا پێویستە وازی لێبهێنرێت، هەروەها لەوانەیە ببێتە هۆی هەستیاری لە هەندێک کەسدا، بەشێوەیەکی گشتی باشتر نییە رۆژانە لە دوو پرتەقاڵ زیاتر بخورێت.

H.Y