سەردێڕ:

نەوەی نوێ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگدا

AM:09:18:26/01/2022
5292 جار خوێندراوەتەوە
خەبات نەوزاد
+ -

پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق و یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرکەوتووی (یەکێتی و پارتی) بۆ ئەو پۆستە هێدی هێدی نزیک دەبێتەوە.

کێبڕکێکە لە نێوان ئەو دوو حزبە کوردییەش توندبووەتەوە و زیاتر روونیکردەوە کە شەڕی حزبەکان لە بەغدا بۆ بەرژەوەندی حزبەکان خۆیانە و شەڕی دەستکەوت بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی قسەیەکی بێ مانایە و بۆ چەواشەکاری هاوڵاتییانە.

دەستخستنی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ حزبەکەی عەرابی ریفراندۆم و ماڵجیایی لەگەڵ بەغدای لە هەمووان زیاتر کردووە بە عێراقچی و خەمخۆری بونیادنانەوەی عێراق.

لەم چەند رۆژانەی داهاتوودا شاهیدی گۆڕانی گرنگ دەبین و کێبڕکێی یەکلاکردنەوەی ئەم پۆستەش توندتر دەبن، نەوەی نوێ وەک هێزێکی کوردی رۆڵی دەبێت لەیەکلاکردنەوەی کێشەکە، بەوە نا کە خاوەنی ٩ کورسییە، ئاخر ئێستا سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەک دەکەن کە ٢٨ کورسییان هەیە و لە کێبڕکێکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش ٣٤ دەنگیان بۆ کاندیدی جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی دەستخست.

ئەمان هەم دەتوانن نیسابی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پەکبخەن، هەم دەتوانن لە دڵخوازەکانی (پارتی و یەکێتی) یەکێکیان سەرخەن.

پرسیارەکە ئەوەیە نەوەی نوێ چی دەکات؟ و دەبێت چی بکات؟

من بۆ خۆم لەگەڵ ئەوەنیم بێ لایەنانە مامەڵە بکەن و ئەم رۆڵە گرنگەی پێیان دراوە بێ ئەرزشبکەن.

سیناریۆی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی سلێمانی لە نێوان یەکێتی و گۆران دووبارەبکەنەوە.

دەبێت نەوەی نوێ لەگەڵ ئەم دوو حزبە بەرمەبنای چەند دەستکەوتێک بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستی خۆیان بدەن.

پێویستە بەرنامە و کاری داهاتووی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆمار وردببین و بڵێن ئێوە چی بۆ عێراق و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەن تا سەرتانخەین و بتانکەینە سەرۆککۆماری عێراق.

لەکۆتا راپۆرتی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق خراپترین دەوڵەتی گەندەڵی جیهانە، دەبێت نەوەی نوێ بیکات بەماڵ بەسەر سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق روبەڕوی گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتەوە و داهاتی وڵات بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بێت نەک گەندەڵکاران.

لەهەمووی گرنگتر دەبێت بەم دوو هێزە کوردییە بڵێن بڕیاردەری سەرەتا و کۆتایی هەرێمی کوردستان ئەوان نین و کۆتایی بە خۆسەپێنییان بهێنێت.

گەلەری