سەردێڕ:

گۆڕانکاری بەسەر میکانیزمی دابەشکردنی موچەی خانەنشیناندا دێت

PM:08:29:29/03/2022

76364 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گۆڕانکاری بەسەر میکانیزمی دابەشکردنی موچەی خانەنشیناندا دێت.


زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەمەبەستی تاووتوێکردنی پرسی خراپیی میکانیزمی دابه‌شكردنی موچەی خانەنشینان و نەناردنی پڕِۆژەیاسای بودجە، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابورى کۆبووەوه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ بەدواداچوون بۆ خراپیی میکانیزمی دابەشکردن و پێدانی موچەی خانەنشینان، لێژنەکە بڕیاریدا لێژنەیەکی لاوەکی پێکبهێنێت بۆ بەدواداچوونی پێشنیازەکانی چارەسەریی ئەو پرسە لە نزیکترین کاتدا، چونکە ئەوە پرسێکی گرنگە و پەیوەستە بە ژیانی هاوڵاتییانی کوردستانەوە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی سێ مانگ لەکاتی دابەشکردنی موچەدا؛ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بەگشتی و خانەنشینان بەتایبەت گرفتی تێکەوتووە و بەبنیانووی نەبوونی پارە لە بانکەکاندا موچەیان پێنادرێت. هەر لە دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتیشدا و لە ٢٠ی ئەم مانگە کە دەکاتە تەنها رۆژێک پێش جەژنی نەورۆز و یەکەم رۆژی ساڵی کوردی؛ سێ خانەنشین لە سەرەی موچەدا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا و دۆخی تەندروستی چەندین خانەنشینی دیکەش تێکچوو، کە دواتر بەهۆی خراپی تەندروستییەوە خانەنشینێکی دیکەش لە سنوری دهۆک گیانی لەدەستدا.

هەر ئەمرۆش لە سەرەی موچەی خانەنشینیدا؛ خانەنشینێکی دیکە لە سلێمانی گیانی لەدەستدا و خاوەنپێداویستییەکی تایبەتیش لە گەرمیان؛ بەهۆی ئەوەی موچەی پێنەدرا ئاگری لە ەستەی خۆی بەردا، بەڵام لەلایەن هاوڵاتیانەوە رزگارکرا و گیانی لەدەستنەدا.

دوابەدوای ئەوانەش، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو شێوازەی دابەشکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان هەیە پێشلکاریییەکی زۆر گەورەی مافی مرۆڤە.

بڕیار جاف، گەرمیان

هـ.ئـ













گەلەری