سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی یەک ئاشکرادەکات

PM:11:04:19/01/2022

41812 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا تەنها شەش رۆژ ماوە بۆ ئەو وادەیەیی بڕیار بوو حکومەت موچەی تێدادا دابەشبکات لە ٢٥ی هەموو مانگێکدا، بەڵام تا ئێستا موچەی مانگی ١٢ بەتەواوەتی دابەشنەکراوە.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیاروایە دابەشکردنی موچەی مانگی داهاتوو (کانونی دووەم) لە ٢٥ی مانگەوە دەست بەدابەشکردنی بکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک نەدراوە لەبارەی ئەوەی دابەشکردنی موچەکە چۆن دەبێت و ئاخۆ وەک مانگی رابردوو بە سستی دەبێت یاخود نا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو بەتەواوەتی دابەشنەکراوە و ئەمڕۆ دوای گەیشتنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێم وا بڕیارە سبەی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان بۆ مانگی رابردوو دابەش بکرێت.

هاوکات، مانگی رابردوو چەند جارێک گۆڕانکاری لە واددەی دابەشکردنی موچەدا کرا و گۆڕانکاری بەسەر لیستی وەزارەتەکاندا هات.

پێشتر، حکومەتی ھەرێم بانگەشەی ئەوەی کرد کە ھەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشدەکات، لەکاتێکدا، دابەشکردنی موچە لەلایەن حکومەتى فیدڕاڵییەوە لە ١٧ى مانگ تا ٢٥ی مانگ دەستپێدەکات.

هاوکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی لە ئەگەری نەناردنى ٢٠٠ ملیارەکە بۆ هەرێم لە بەغداوە، حکومەتی هەرێم دەیەوێت جارێکی دیکە موچە بە لێبڕینەوە دابەشبکات.

هەر ئەمڕۆش، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، رێکارەکانی ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە تەواو بوە و پێشبینی دەکرێت کە بڕە پارەکە بێتە سەر هەژماری بانکی هەولێر.

وتیشی، وەزارەتی دارایی سەرپشکە لەوەی چۆن موچەی مانگی کانونی دووەم دابەشی دەکات

ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگانە حکومەتى هەرێم لە فرۆشتنى نەوت و داهاتى ناوخۆ و خاڵە سنورییەکانەوە زیاتر لە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلارى دەست دەکەوێت کە بەبێ پارەکەى بەغداش بەشى دوو موچەى تەواوەتى دەکات، چونکە بەهۆى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلارەوە لە ئێستادا حکومەت پێوێستى بە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ موچەى هەر مانگێک.

 

هێرش قادر - هەولێر













گەلەری