سەردێڕ:

تەرمی ئەو شوانەی لە لافاوەکەی هەولێردا خنکا دۆزرایەوە

PM:03:36:06/01/2022

55248 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دوای زیاتر لە ٢٠ رۆژ تەرمی ئەو شوانەی هەولێر دۆزرایەوە، کە لە کاتی لافاوەکەدا مانگی ١٢ی ساڵی رابردوودا بێسەروشوێن بوو.


پارێزگاری ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، تەرمی ئومێد شامل ئەو کەسەی لە لافاوەکەی هەولێردا خنکا و پیشەی شوانکارە بوو و چەندین رۆژە تەرمەکەی نادیارە دۆزرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا گەڕان بە دوای تەرمی دانەر نەبەزی تەمەن ١٠ مانگدا بەردەوامە.

هاوکات، وتەبێژی بەرگری شارستانی رایگەیاند، تیمەکانیان بە هاوکاری هاوڵاتییەک کە زانیاری پێداون توانیویانە تەرمی ئومێد شامل بدۆزنەوە.

رۆژی ١٧ ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو، لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر لافاو دروستبوو ١٢ كەس گیانیان لەدەستدا و دوو كەسیش بێسەروشوێنن، کە یەکێکیان شوانێک بوو ئەوی دیکەش دانەر نەبەزی تەمەن ١٠ مانگ بوو کە تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و چەند كەسێكیش بریندار بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆریشی لێكەوتەوە.

رووداوی لافاوەکە نیگەرانی و كاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی گشتی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو خەڵكەی كە بەهۆی لافاوەكەوە زیانیان پێگەیشتووە داوای هاوكاری لە حكومەتی هەرێم دەكەن و تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە.

 













گەلەری