سەردێڕ:

نرخی زێڕ بەرزبووەوە

PM:10:35:30/11/2021

9808 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆمپانیای مۆدێرنا وتی، کە ڤاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا توانای روبەڕوبوونەوەی جۆرە نوێیەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا "ئۆمیکرۆن"یان نییە، دواتر نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.


رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی جۆرێکی نوێی "ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو"ی دەستنیشانکرد و بە "ئۆمیکرۆن" ناوزەندی کرد.

دۆزینەوەی جۆرێکی تری نوێی کۆرۆنا بە چەندین نیشانەی جیاواز و گۆڕاوەوە، لە ئەفریقای باشور، رێکارەکانی لە هەندێک وڵاتدا توندتر کرد و هەنگاوی سنوردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکانیشی بۆ هەندێک وڵات بە دواداهات.

سەرۆکی کۆمپانیای مۆدێرنا رایگەیاند، کە ڤاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا توانای روبەڕوبوونەوەی جۆرە نوێیەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا "ئۆمیکرۆن"یان نییە، دواتر دەستبەجێ بەهای یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی ٪٠.٣ و بۆ هەزار و ٧٩٠ دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەوە.

هاوکات، سەرۆکی ئەنجومەنی یەدەگی یەکگرتووی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێسدا هۆشداریدا و وتی، جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا، کاریگەری دەکاتە سەر ئاستی هەڵئاوسانی بانکی ناوەندی و نرخەکانیش بەردەوام دەبن لەوەی لە ئاستێکی نزمدا بمێننەوە تا ماوەیەکی زیاتر.

ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا، ناوە پزیشکیەکەی بریتییە لە"B.1.1.529"، کە جۆرێکی دیکەی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنایە؛ کە ئەو ڤایرۆسە توانای گۆڕینی خۆی هەیە بەگوێرەی بارودۆخەکان کە ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی، چونکە بەگوێرەی وتەی زانایانی بواری پزیشکی، ئەو نیشانە و تایبەتمەندییانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیەتی، دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازکردنی سیستەمی بەرگری جەستەی هەندێک کەس.

ئۆمیکرۆن، جیاوازترە لە جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو، هێشتاش پسپۆڕان نازانن کە جۆرە نوێیەکە دەبێتە هۆی زیانی گیانی زیاتر بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی کۆرۆنا یان نا.













گەلەری