سەردێڕ:

مامۆستایانی وانەبێژ راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە

PM:09:11:29/11/2021

19856 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەو پارەی مەقتوعەیە رەتدەکەنەوە، دەشڵێت، "لەکوێی دنیادا هەبووە، مامۆستا مانگێک دەوام بکات و مانگانە ١٥٠ هەزار دینار وەربگرێت."


نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستوەتەڕوو، ئەم بڕە پارەی دیاریکراوە ٥٥٠ هەزاری بۆ بەکالۆریۆس و ٤٥٠ هەزاری بۆ دیبلۆم بە هەر سێ مانگی ٤ و ٥ و ٦ و ساڵی ٢٠٢٠، ئێمە وەک مامۆستایانی وانەبێژ ئەم پارە مقطوعە ڕەتدەکەینەوە، ئەوەش هاتووە، "پێمانوایە بەم جۆرە ستەمێکی گەورە لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا، مامۆستایانی وانەبێژ داوایان لە هەریەکە لە سەرۆکی حکومەت، وەزیری پەروەردەی هەرێم کردووە کە رەچاوی دۆخی دارایی وانەبێژان بکەن و پێشنیازیش دەکەن کە، "بڕی پارەی مقتطوع بۆ مانگی ٤و٥و٦ زیاد بکرێت".

لە پێشنیازەکەی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژدا هاتووە، "هاوشێوەی پارەی مقطوعی مانگی ١٠و١١و١٢ ساڵی ٢٠٢٠ کە بڕەکەی ٣٠٠ هەزار بۆ بەکالۆریۆس و ٢٥٠هەزار بۆ دیبلۆم دیاریکراو بوو، واتا بەهەرسێ مانگی ٤و٥و٦ بڕی ٩٠٠ هەزار بۆ بەکالۆریۆس، ٧٥٠ هەزار بۆ دیبلۆم دیاریبکرێت و بڕی پارەی مقتطوع بۆ مانگی ٤و٥و٦ زیاد بکرێت".

ئەوەش هاتووە، "ئەم پارە مقطوعە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ بگرێتەوە ئەوانەی ئەم ساڵیش لادراوە بەهەر هۆکارێک بەردەوام نیە، هەر وانەبێژێک ناوی هەبێت لە لیستی مانگی ٤ یان ٥ یان ٦ سوودمەند بێت، بۆیان خەرج بکرێت".

ئەمەش دوای ئەوەدێت، حکومەتی هەرێم بڕیاریدا، شایسته‌ داراییه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژی دانه‌مه‌زراو بۆ مانگه‌كانی (٦،٥،٤) به‌ یه‌ک بڕ بۆ هه‌ر سێ مانگ خەرجبکرێت.

لە هەرێمى کوردستان نزیکەى ٢٠ هەزار مامۆستای وانەبیژ هەیە کە دانەمەزراون و پێشتر حکومەتى هەرێم شایستەیەکى دیاریکراوى بۆ بڕیبوونەوە بەبڕى ٣٠٠ هەزار بۆ مامۆستایانى هەڵگرى بروانامەى بەکالۆریۆس و ٢٥٠ هەزار دینار بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆم، بەڵام پاش ئەوەی خۆپیشاندانی بەرفراوانیان ئەنجامدا حکومەت بڕە پارەکەی زیاتر کرد.













گەلەری