سەردێڕ:

سەرۆکی هەرێم: هێرشەكانی داعش پەیامێکی ترسناكن

AM:11:16:28/11/2021

2228 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە گەرمیان و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەش برینداربوون، سەرۆکی هەرێم دەڵێت، "هێرشەكانی داعش، پەیامی جددیی و ترسناكن."


نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "فراوانبوون و بەردەوامی پەلامار و هێرشەكانی داعش، پەیامی جددیی و ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی راستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاریكاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە."

باسی لەوەشکردووە، "داوا دەكەین میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لە نێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا بە هاوبەشی و پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری داعش و هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە."

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو لە ناحیەى کوڵەجۆى گەرمیان داعش هێرشیکردەسەر سەنگەرەکانى پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ هێزەکان رۆشتووە بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.

هاوکات، مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، "ئیهمالی خۆمان بوو لەم هێرشەی داعشدا کە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون"، دەشڵێت، "داعش لە پاڵ سوپای عێراقەوە هێرش دەکاتە سەرمان."













گەلەری