ئەمڕۆ یەکشەممە، لە قەزای کۆیە خۆپیشاندانی خوێندکاران بۆ داواکردنی دەرماڵە بەردەوامە و خوێندکاران داوا دەکەن دەرماڵەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ خەرج بکرێت.
یەکێک لە خوێندکارەکان بە ئێن ئاڕ تی وت، ئێمە داوای مافێکی سەرەتایی خۆمان دەکەین کە دەرماڵەیە و دوێنێش سەرۆکی حکومەت وەڵامێکی دڵخۆشکەری نەداینەوە تاوەکو خۆپیشاندانەکانمان کۆتایی پێبهێنین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرین لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەردەوام دەبین.
لە هەفتەی رابردوودا، ماوەى چەند رۆژێک خوێندکارانى زانکۆ
و پەیمانگاکان بۆ پێدانى دەرماڵە خۆپیشاندان ئەنجامدا و هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى
و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا، بەوهۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون و دواتریش
زانکۆکان چەند رۆژێک پشوویان راگەیاند.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و
پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی
بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو
بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە
پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.